لەرۆژی ١٢-ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ هەوالێک لەلایەن فەرمانداری ئەو کاتی مەهاباد بڵاوکرایەوەو خەڵکی تووشی شۆکێکی گەورە کرد، ئەگەرچی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و شاری مەهاباد بەتایبەت رۆژی سەخت و دڵتەزێنی وایان زۆر بینیبوو، بەڵام بڵاوکردنەوەی ناوی ٥٩ لاوی مەهابادی کە لەرۆژێک و لەیەک ساتدا لەسێدارە درابوون، هەمووانی سەرسام کردبوو، جا لەنێو ئەو ٥٩ لاوەدا دوو کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بوو،و لەدەبیرستانی ئیبنی سینای مەهاباد دەیانخوێند. ئەو هەواڵە لەلایەن فەرمانداری ئەو کاتی مەهاباد حەمید جەلاییپوور بەناو شاردا بڵاوبۆوە، و هەرزووش راگەیاندرا کە ئەو ٥٩ لاوە بەهۆی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسێدارە دراون.
ئەگەرچی تاکوو ئێستا ناوەندە فەرمییەکانی رژێمی ئێران و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی فارسی دانیشتووی وڵاتانی رۆژئاواش باس لەو جینایەتە ناکەن،و کەسیش بەشێوەیەکی راستەوخۆ خۆی لەو جینایەتە ناکاتە خاوەن، بەڵام ئەو کات بەرپرسانی پەیوەندیدار لەکوردستان و دەورووبەر ئەوانە بوون:
یەکەم: فەرمانداری ئەو کاتی مەهاباد حەمیدرەزا جەلایی پوور بوو. جەلایی پوور لەدایکبووی ١٣٣٦-ی تارانەو ئێستا ماموستای زانکۆیە لەبەشی کۆمەڵایەتی زانکۆی تاران. جەلایی پوور هەر لەسەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران نێردرایە کوردستان. لە ساڵی ١٣٦٠ فەرمانداری نەغەدە بوو، و مەلا غولامرەزا حەسەنی و جەلایی پوور بەکوشتاری قارنێ و قەڵاتان وادەکەن نەغەدە لەکۆنترۆلی دیموکرات بێتە دەرێ.
دووەم: پارێزگاری ئەو کاتی ورمێ حوسێن شێخ عەتتار بوو. لەدۆسێی تیرۆری شاپووری بەختیاردا شێخ عەتتار لەتاوانبارەکانە،و ئێستا ناتوانێ لەئێران بچێتەدەرێ.
سێیەم:
لەکاتی لەسێدارەدانی ٥٩ لاوەکەی مەهاباد، عەلی ئەکبەر ناتیقی نووری وەزیری ناوخۆی ئێران بوو. فەرمانداری ئەو کاتی مەهابادیش لەلایەن ئەوەوە دەستنیشان کرابوو. ناتیق نووری لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات کە هەتا ١٣٦٤ بەهۆی بەرنامەکانی ئەوەوە کوردستان ئارام بووە. ناتیق نووری لە کوردستان و زاهیدان سەلماندی کە رژێم بۆ سەرکوتکردنی نارازییەکان کەڵک لەهەموو رێکارێکی نائینسانی و خوێنرێژانە وەردەگرێت.
چوارەم جەلادی کوشتارەکەی مەهاباد غولامرەزا حەسەنی ناسراو بە مەلا حەسەنییە. ناوبراو لەهەموو کوشتارو پیلانگێرییەکی دژی کورد بەردەوام شوێن پێی زەق و بەرچاو بووە. هەر لەسەرەتای شۆرشی گەلانی ئێرانیش یەکێک لەئەرکەکانی مەلا حەسەنی کوشتن و تۆقاندنی کوردەکان بووەو نموونەی هەرە دیاری ئەو کوشتارەش کە حەسەنی راستەوخۆ دەستی تێدابوو، کوشتاری قارنێ و قەلاتانە.
جگە لەو ناوانەی باسیان لێوەکراو،و بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەستیان لەشەهیدکردنی ئەو ٥٩ لاوەی مەهاباددا هەبوو، هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی ئەو کات میرحوسەین موسەوی و هاشمی رەفسەنجانی و موحسێن رەفیق دوست وەزیری سوپای پاسدارانی ئەوکات لەپشت ئەو کوشتارە گەورەیەبوون. ئەوان دەیانهەویست لاوان و نەوەی نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوترسێن بکەن، بۆ ئەوەی بەخەیاڵی خاوی خۆیان بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردی رۆژهەڵات لەریشە دەربێنن، بەڵام لەئێستادا خەڵکی رۆژهەڵات بەگشتی و جەماوەری مەهاباد وەکوو شاری ئەو ٥٩ لاوە شەهیدە لەسەرشەقامن، و لەرۆژانی رابردوودا سەڵماندیان کە سێدارەو فیشەکی دوژمن نەک هەنگاوەکانیان بەرەو سەرکەوتن و پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان شل ناکاتەوە، بگرە ورەو باوەڕیان بەهێزتر دەکات. ئەو کات لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لەدژی رژێمی ئاخوندی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشەڕدابوون، ئێستا هەر ئەو رژێمە جگە لەوەی هەموو کوردستانی ملیتاریزە کردووە،و سێدارەکانی زۆرترکردووە، هاوکات شەری ئیعتیادی سیستماتیک و شەری کلتووری و بێکاری و برسیکردنیش لەگەڵ لاوانی رۆژهەڵات دەکات، بەڵام لاوانی رۆژهەڵات هەر لەسەر پێن، و وەکوو رووداوەکەی هۆتێل تارا پارێزگاری لەکەرامەت و ئینسانییەتی تاکی کورد دەکەن، و ئێستاش هەبوونی پێشمەرگەکان لەناوچەو لاوان لەناو شەقامەکان رژێمی تووشی هیستریاییەکی سەیرکردووە، ئەو ترسەی رژێم گەیشتۆتە رادەیەک کە هەموو بەرپرسانی رژێمی هێناوەتە دەنگ. و چیتر ناتوانن ترسەکەیان لە لاوانی رۆژهەڵات و نەوەکانی ئەو ٥٩ لاوەی مەهاباد بشارنەوە، کە ئەوان بەخەیالی خاوی خۆیان خەڵکیان پێ دەترساندو ئێستا خۆفی راپەرینی گشتی رۆژهەڵات خۆیانی گرتۆتەوە.