دوای چه‌ند مانگ گفتگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، رۆژی ١٨ی نوامبری ٢٠١٧ له شاری کۆڵنی ئاڵمان،ده لایه‌ن و رێکخراوی سیاسیی ئێران و کوردستان (له‌نێو وان‌دا کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان) به په‌سندکردنی رێککه‌وتننامه‌یه‌کی پێشنیاری، بنه‌ماکانی چوارچێوه‌یه‌کی نوێی هاوکاری له‌ژێر ناوی”شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران”یان راگه‌یاند. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له‌نێو بیروڕای گشتی و هۆگرانی پرسی دێموکڕاسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران ئه‌م کاره وه‌ک هه‌ر هه‌نگاوێک که یارمه‌تی به یه‌کڕیزی و هاوخه‌باتیی هێز و لایه‌نه‌کان دەدا پێشوازیی لێ کرا، به‌ڵام هاوکات که‌وته به‌ر ره‌خنه و گازنده‌ی هێندێک که‌س و لایه‌نیش بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی تەفسیری خۆیان لە هێندێک ده‌سته‌واژه‌ی رێککه‌وتننامه‌که، لایه‌نه موسبه‌ت و به‌هێزه‌کانی بشارنه‌وه. له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه و باسانه‌دا، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران ئاماژه به‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه به پێویست ده‌زانن:
١- پاش ده‌یان ساڵ له سیاسه‌تی سه‌رکوت و ئینکاری ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له ئێران ده‌رهه‌ق به گه‌لی کورد و بێباوه‌ڕیی به‌شی زۆری لایه‌نه ئێرانییه‌کان به جه‌وهه‌ری مافه نهتهوایهتییهکانی گه‌لان له ئێران، هه‌روه‌ها به‌له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی مه‌سه‌له‌ی کورد و ئه‌زموونی رابردووی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له و به‌گشتی واقعییه‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، ستراتژیی هه‌ره دروست بۆ هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌وله‌وییه‌تدان به فاکته‌ری کورد و به‌هێزکردنی قورسایی کورد و رێکخستنی نێوماڵی ئه‌و گه‌له‌یه. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وێڕای پێداگری له‌سه‌ر پێویستی و هه‌قانیه‌تی گوتار و ستراتژییه‌کی پته‌وی نه‌ته‌وایه‌تی که له‌ڕووی فیکری و سیاسییه‌وه پاشکۆی هیچ کوێیه‌ک نه‌بێ، هاوخه‌باتی و یه‌كگرتنی حیزب و رێکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپ و له‌ژێر چه‌ترێکی هاوبه‌شدا، هه‌روه‌ک رابردوو ئامانجی ئێمه‌یه و له‌مه‌ودواش لەسەری بەردەوام دەبین.
٢- ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌وله‌وییه‌ت به‌خشین به قورسایی خودی بزووتنه‌وه‌ی کورد نابێ به مانای پشتگوێخستنی بازنه‌کانی دیکه‌ی کاری سیاسی و خه‌باتی هاوبه‌ش له ئاستی ئێران‌دا بێ. واقعییه‌ته‌کانی پێوه‌ندیی کورد و ده‌سه‌ڵات له ئێران و جۆری بیرکردنه‌وه‌ی بژارده و هێزه ئێرانییه‌کان هه‌ر چه‌ندێک نادڵخواز بێ، لۆبیگه‌ری بۆ مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان له فه‌زای گشتیی ئێرانی‌دا و هه‌وڵدان بۆ راکێشانی سه‌رنج و پشتیوانی بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و مافانه و دروستکردنی لانیکه‌مێک له لێکگه‌یشتن و هاوخه‌باتی سه‌باره‌ت به ئه‌لترناتیڤی کۆماری ئیسلامی، پێویستییه‌کی روون و حاشاهه‌ڵنه‌گره.
٣- پێکهێنانی شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران به‌دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هیچ هاوپه‌یمانه‌تییه‌کی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێک نه‌هاتووه. مه‌به‌ست له‌م هه‌نگاوه پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌که که تا ئێستا له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌بووه. که‌موکوڕیی ئه‌و هاوپه‌یمانی و فۆڕۆمانهی تا ئێستا له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا هه‌وڵی دروستکردنیان دراوه ئه‌وه‌یه که یان تایبه‌ت بوون به هێزه‌کانی سه‌ر به گه‌لانی ئێران، یان ته‌نیا به دید و ڕوانینێکی سه‌راسه‌رییه‌وه پێک هاتوون. شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران له راستیدا بۆ وڵامدانه‌وه به‌و پێویستییه پێک هاتووه که هه‌ردوو بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی و دێموکراسیخوازی به کرده‌وه و له ئاستی هێز و رێکخراوه‌کاندا پێکه‌وه ببه‌سترێنه‌وه. پێکهاتنی ئه‌م شووڕایه رێگر نیه نه له‌به‌رده‌م هاوکاریی هێز و رێکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و نه له‌به‌رده‌م درێژه‌دان و به ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌و گفتگۆیانه‌ی له‌نێوان هێزه‌کانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ساڵانێکه له ئارادان. هه‌ر ئه‌وه که به‌شێك له هێزه‌کانی ئه‌ندام له‌و شووڕایه هه‌ر ئێستا له هاوپه‌یمانه‌تییه‌کی دیکه‌دا هه‌ن، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه که بوون له‌م هاوپه‌یمانه‌تییه‌دا به مانای دژایه‌تی یا کشانه‌وه له هاوپهیمانهتییهكی دیکه نیه. ئێستاش داوا له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئه‌و لایه‌نه ئێرانییانه‌ی باوه‌ڕیان به‌و بنه‌مایانه هه‌یه ده‌که‌ین پشتیوانیی خۆیانی لێ رابگه‌یه‌نن و به په‌یوه‌ست بوونیان به‌م چوارچێوه‌یه یارمه‌تی به باشترکردنی مه‌به‌ست و رێكاره‌کانی و وه‌دیهێنانی پره‌نسیپ و ئامانجه‌کانی بکه‌ن.
٤- رێککه‌وتنێك که له کۆڵنی ئاڵمان راگه‌یاندراوه وه‌ک هه‌ر رێککه‌وتنێکی دیکه به‌رهه‌می گفتگۆ و دانوستانه. له‌جێدا چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه که رێککه‌وتنێکی سیاسی به ته‌واوی ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی سیاسیی ته‌نیا لایه‌نێکی به‌شدار له رێكکهوتنهکهدا بێ، چاوه‌ڕانییه‌کی ناواقعبینانه‌یه. به‌وحاڵه‌ش ئه‌م رێککه‌وتنه دژایه‌تیی بنه‌ڕه‌تیی له‌گه‌ڵ به‌رنامه و ستراتژیی هیچکام له هێزه کوردییه‌کانی به‌شدار له رێککه‌وتنه‌که و زۆربەی هەرە زۆری هێزه کانی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات نیه. ئه‌وه که ناوه‌ندی قورسایی فیکری و سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران هه‌تا دێ له‌سه‌ر واقعییه‌ته‌کانی تایبه‌ت به خودی رۆژهه‌ڵات چڕ ده‌بێته‌وه راستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره و پێویسته هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتیش پێش هه‌موو شتێک به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه وههستیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان و دۆخی سه‌خت و ناڕه‌وای داسه‌پاو به‌سه‌ر گه‌له‌که‌مان بجووڵێنه‌وه. به‌ڵام له‌و شوێنه‌دا که قسه له چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌کرێ، به‌رنامه‌ی سیاسیی زۆربه‌ی نزیک به ته‌واوی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات هێشتا وه‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان له چوارچێوه‌ی سیستمێکی دێموکڕاتیکی فیدڕاڵ له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و جوغرافیاییه. راستیییهک که ره‌خنه‌گرانی ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه نهیاندیتوه یا نایانهه‌وێ بیبینن ئه‌وه‌یه که ئه‌م ده‌قه دانپێدانانی به‌شێک له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به”فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێران” و “مافه نهتهوایهتییهكانی گه‌لانی نێو ئه‌و وڵاته” و پێویستیی “دامه‌زراندنی سیستمێکی دێموکڕاتیکی فیدراڵ” که له‌ودا “ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌رچاوه ئابوورییه‌کان به یه‌کسانی له‌نێوان میللییهتهکاندا دابه‌ش کرابێ” له خۆی ده‌گرێ. قورسایی لایه‌نه‌کانی نێو ئه‌م شووڕایه و کارایی سیاسی شووڕا له ئاینده‌دا هه‌رچییه‌ک بێ، ئه‌وه که ئه‌م هه‌نگاوه کۆمه‌ڵێک تابووی شکاندوه و ده‌توانێ هه‌نگاوی زیاتر و به‌رفراوانتر به‌دووی خۆیدا بێنێ، حاشای لێ ناکرێ.
٥- ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاماژه به یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێرانیش، سه‌رفه‌نه‌زه‌ر له‌وه که هه‌روه‌ک گوترا به‌رنامه‌ی سیاسیی هیچکام له هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان جیابوونه‌وه له ئێران له خۆ ناگرێ، جێکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرهنسییپه که بۆ هێزه سیاسییه‌کانی ئێران گرینگه و له مه‌تنه سیاسی و حقووقییه هاوشێوه‌کاندا شتێکی سه‌یر و نوێ نیه، ته‌نیا به‌و مه‌رجه قبووڵ کراوه که ئه‌م یه‌کپارچه‌ییه‌ی وڵات ببه‌سترێته‌وه به پابه‌ندی به بنه‌ماکانی یه‌کسانی و پێکه‌وه‌ژیان و دابینکردنی مافی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م وڵاته. له‌ڕاستیدا ئه‌م به‌نده پێش ئه‌وه‌ی به مانای جێخستنی یه‌كپارچه‌یی خاکی ئێران بێ (شتێک که تا ئێستا هه‌ر هه‌بووه)، به مانای ئه‌وه‌یه که له حاڵه‌تێکدا که مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان و یه‌کسانیی گه‌لانی ئێران له‌به‌رچاو نه‌گیرێ، گه‌لانی ئه‌م وڵاته به یه‌کپارچه‌یی وڵاتی ئێران وه‌ک یه‌که‌یه‌کی سیاسی پابه‌ند نابن و پێکه‌وه‌ژیانی ئه‌و گه‌لانه شتێکی ئاره‌زوومه‌ندانه و به‌رهه‌می بە ڕەسمی ناسین و جێبه‌جێکردنی مافی وه‌ک یه‌ک بۆ هه‌مووانه.
٦- سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی و خه‌بات به‌دژی ئه‌و رێژیمه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئیدیعای هێندێك له ره‌خنه‌گرانی ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه، شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران نه دابینبوونی دێموکڕاسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا به مومکین ده‌زانێ و نه هیچ شێوازێکی خه‌باتیش به‌دژی ئه‌و رێژیمه ره‌ت ده‌کاته‌وه. له پێشه‌کیی ئه‌و رێککه‌وتنه‌دا به روونی باس له “پێویستیی تێپه‌ڕین له کۆماری ئیسلامی” کراوه و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مێتۆده‌کانی خه‌باتیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئاماژه به خه‌باتی ئاشتیخوازانه کراوه، هاوکات ئیشارە بە “متدهای مقتضی”واتە شێوازە پێویستەکان کراوە کە ئەمەش داننانە بە مافی بەرگریی ڕەوا کە بۆ گەلی کورد بە واتای دیفاع و بەرگری چەکدارانەیە لە مافەکانی خۆی.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران
١9ی دێسامبری ٢٠١٧
٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦