رووداوەکانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەریانخست سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەی دێرینی ئەم پارچەیەی کوردستان بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک سەرکوتی قورسو هەمەلایەنە، گۆڕانی هاوکێشە ناوچەییەکان، تەنیا مانەوەی بزووتنەوەی کوردستانو هۆکارە نێوخۆییەکانی بزووتنەوە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا سەنگی پێویستی نیە، بەڵام وزەو پتانسیەلێکی لەبڕاننەهاتووی بۆ هەستانەوەو بوونەوە بە فاکتۆڕ تێدا بەدی دەکرێ.
لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا کە هێزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستانو بە تایبەت حیزبی دیمۆکرات ناچاربوون بەشێوەی کردەییو لە ئاستێکی بەرفراواندا لە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئامادەییان نەبێ، لە راستیدا رۆژهەڵاتی کوردستانیش نەیتوانیوە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دیار بێ. ئەم بیست ساڵە کە بە تیرۆری رێبەرانی حیزبی دیمۆکراتو ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکانی وەک شەڕی یەکەمو دووەمی کەنداو، پێکهاتنی هەرێمی باشووری کوردستانو کشانەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە ستراتژیکییەکانی نێوان رۆژهەڵاتو باشوور دەست پێدەکا، تاڕادەیەکی زۆر بە ساڵانی دەرچوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکان دەژمێردرێ. دیارە کە باس لە دەرچوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، بەو مانایە نیە کارتێکەریی گوتارو سیاسەتەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە سەر کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتو رووداوەکانی نەماوە، بەڵام دەبێ ددان بەم راستییەدا بنرێ ئەم کارتێکەرییە هەرچەند بەردەوام بوە، بەڵام لە ئاستێکدا نەبووە کە گۆڕان بخوڵقێنێ. ئەزموونگەلی سەرچاوەگرتوو لە رووداوە جۆراجۆرەکانی ئەم بیست ساڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرخەری ئەو راستییەن کە هەرچەند بزووتنەوەی کوردستان لە ئاستی مەیدانداری راستەقینەدا لە هاوکێشە سیاسییەکاندا کەمڕەنگ بۆتەوە، بەڵام لە بەستێنی جۆراوجۆردا خۆی دەرخستوەو وزەو تواناییە کردەییو شاراوەکانی خۆی نیشان داوە.
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەم پوتانسیەلو توانایە کە لە بەستێنەکەکانی شارو شاخدا کۆی کردۆتەوەو لەبەر تیشکی بەرەوپێشچوونو بە فاکتۆربوونی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانداو هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەو دۆخی نێوخۆیی ئێران چاوەڕوانی هەستانەوەو مەیدانداریی بزووتنەوەکەیەتی. هەستانەوەو مەیداندارییەک کە بێگومان بەستێنی دروستبوونی هەیە، بەڵام پێویستیی بە یەکگرتووییو یەکگوتاریی هێزە شوێندانەرەکانو پلانێکی وردو هەڵسەنگێندراو هەیە. روونە کە بە بێ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ئەم هەستانەوەیەو بە سەرنجدان بەوە کە لە هەلومەرجی ئێستادا لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بەرەنگارییەکی جیدی لە ئارادا نیە، بزووتنەوەی کوردستان تووشی زیانی قورس ببێتەوە.
بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کورستان لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا بۆتە خاوەنی باڵێکی مەدەنی کە لە هەناوی شارو ناوەندە فەرهەنگیو زانستییەکاندا سەری هەڵداوە. ئەم لایەنەی بزووتنەوەی کوردستان هەرچەند لەگەڵ سەرکوتو فشاری قورسو ئیعدامو زیندانیکرانی بەشێک بەرەوڕووبۆتەوەو نەیتوانیوە تواناییە راستەقینەکانی خۆی دەربخا، بەڵام بە پێی دەرفەت بوونی خۆی سەلماندەوە. چالاکانی مەدەنی جگە لە وەڕێخستنی مانگرتنو ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر، چالاکیی ژینگەپارێزی، فەرهەنگی، هەوڵیان داوە کەلێنە نیمچە قانوونییەکانی وەک هەڵبژاردنەکان بقۆزنەوەو دەوریان تێدا بگێڕن.
کەواتە گومانی تێدا نیە کە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی بێتەوە نێو هاوکێشە سیاسییەکان پێویستی بە خەباتێکی فرە رەهەند هەیە. لەم نێوەدا دەبێ لایەنەکانی نێو بزووتنەوە لە چوارچێوەی ستراتیژی نەتەوەیی، واتە دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆیان ببیننەوە. راستییەکەشی ئەوەیە کە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی سەرکوتکارو میلیتاردا تەنیا خەباتێکی فرە رەهەند دەتوانێ کاریگەر بێو هاوکێشەی سیاسی دروست بکا. لەم حاڵەتەدا بەشە جۆراوجۆرەکانی نێو بزووتنەوە دەتوانن وەک پشتیوانی یەکتر کار بکەنو بەم چەشنە مەیدانی بەرەنگاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرفراوانتر بکەن.
هەرچەند رەنگە وێناکردنی ئەوە کە کورد دەتوانێ بە تەنیا لە ئێراندا مەیدانداری بکاو بێتە نێو هاوکێشە سیاسییەکانەوە بۆ هێندێک کەس قورس بێ، بەڵام ئەزموونەکانی پێشوو دەریانخستوە ئەوە کارێکی نەکراو نیە. بزووتنەوەی کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی زۆرەو لە پشتیوانییەکی بەرینی کۆمەڵایەتی بەهرمەندە توانایی ئەوەی هەیە کە بە سوودوەرگرتن لە هەلومەرجی ناوچەییو کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە لەلایەکو وڵاتانی زلهێزی رۆژئاوایی لەلایەکی دیکەوە خۆی بکا بە پارسەنگی هێز لە ناوچەدا.
لەم نێوەدا سەرەکیترین فاکتۆر بریتییە لە ئیرادەی هەستانەوە، یەکگرتووییو دانانی پلانێکی هەمەلایەنەو تۆکمە بۆ بووژانەوەو هەستانەوە. چونکە بە بێبوونی ئەم سێ فاکتۆرە ناکرێ نە لە تواناو پوتانسیەلی کۆمەڵگەو نە لەو هەلو دەرفەتانە کەڵک وەرگێرێ کە لە ئاکامی گۆڕانکارییە ناوچەییەکانەوە دێنە گۆڕێ. کەواتە دەتوانین بڵێین ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە بۆشایی مەیدانداریی بزووتنەوەی نەتەوەییو ئازادیخوازانەی رۆژهەڵاتی دەکرێ. بزووتنەوەیەک کە هەم لە پشتیوانیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی بەهرەمەندە، هەم دەکرێ چاوەڕوان بێ لە پشتیوانیی دەرەکییش بەهرەمەند بێ.