هاوکات لە گەڵ چالاکیی تێکۆشەرانی نیوخۆی وڵات بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە، لە قەڵای خۆڕاگری دێموکرات لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ، ڕێز لە رۆژی پێشمەرگەوئاڵای کوردستان گیرا.
پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسییحیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەوئاڵای کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.
ئەو ڕێوڕەسمە کاتژمێری دەی بەیانی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادرو پێشمەرگە و ئەندامان و تێکۆشەرانی دێموکرات ، دوای خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆگیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، دەستیپێکرد.
لە بڕگەی یەکەمی ئەو کۆڕیادەدا هاوڕێ حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی پێشکەش بەو یادە کرد.
لە پەیامی دەفتەری سیاسی وێڕای ئاوردانەوەیەک لە مێژووی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەور و ڕۆڵی خەباتکارانی پێشمەرگە و، هەروەها هەڵکردنی ئاڵا وەکوو هێمایەکی بەهێزی نەتەوەیی ، بە خستنەبەرباسی بارودۆخی سیاسی ناوچە و ئێران و کوردستان، کۆمەڵێک خاڵی گرینگ لەو بارەوە باس کرا بوو.
لە بەشێک لە پەیامی دەفتەری سیاسی هاتبوو: لە هەلومەرجێکدا یادی رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ، بە قوناغێکی زۆر ئاستەم و هەستیار دا تێپەڕ دەبن.
وەک دەزانن داعش وەک هێزێکی تیرۆریستی و دڕندە کە ماوەی چەند ساڵ بوو لە بەشێکی گەورەی ئەم ناوچەیەدا مەیدانداری و، تانەت حوکمڕانیی دەکرد، سەرئەنجام تێکشکا.
لێرەدا جێی خۆیەتی بە شانازییەوە باسی رۆڵی پێشمەرگەو شەڕڤانی کورد بکەین لە باشوور و خوراوای کوردستان بە تەنیا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتییەکی ناوچەیی وجیهانیدا نەک هەر لە شەڕی دژە تیرۆردا بەشداربوون، بەڵکوو رۆڵێکی حاشا لێنەکراویان لە شکستی هێزەکانی داعش هەبوو.
لە درێژەی پەیامی دەفتەری سیاسی بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئێران و هەلومەرجی کوردستان هاتبوو: کۆماری ئیسلامی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی بە توندی خەریکی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییە و بەو پەڕی سەخاوەتەوە پووڵ وسامانی خەڵکی ئێران لەو ڕێگایەدا خەرج دەکا و، ئەو وڵاتە لە گەڵ دەیانی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەکوو بێکاری، فەسادی ئیداری و ئیعتیاد و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی نیزام ڕووبەڕوو بووتەوە.
بەشی کۆتایی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب کە بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز خوێندرایەوە، بە وردی باسی لە رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و جمۆجۆلە سیاسی و مەدەنییەکانی شار و ناوچەکانی کوردستانی کردبوو.
دوای پەیامی دەفتەری سیاسی، سروودێک لە ژێرناوی”ناشکێنێ دووژمنی کۆنەپەرەست” لە ئامادەکردنی کۆڕی هونەری حیزب پێشکەش کرا.
پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان و یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە لایەن شەمزین ئەحمەدنەژادەوە خوێندرایەوە.
لەو پەیامە هاوبەشەدا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، سەبارەت بە هەلومەرجی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک باسی پێوەندیداری تێدا هاتبوو.
لە بڕگەیەکی دیکەدا ئەنوەر عەزیزیان، پێشمەرگەی هونەرمەند لە گەڵ دوو کیژوڵە بە تواناکەی و بە هاوکاری ئارام ئیزەدپەنا سروودێکی شوڕشگێڕانەیان پێشکەش بەو یادە کرد.
لە درێژەی ئەو رێوڕەسمە، عەلی لەیلاخ هۆنراوەیەکی خوێندەوە و، دواتر ژنە دەسنەخشینی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات، خاتوو سوورەییا پەیرەوان، ئاڵایەکی چنراوی پێشکەش بە بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بەشێک لە پێشمەرگەو کادرە دێرینەکانی حیزب کە تەمەنێکیان لە پێناوی سەرخستنی گەلەکەیان داناوە ، لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزبەوە لەوحەی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا بنەماڵەی پێشمەرگەی هونەرمەند ئەنوەر عەزیزیان گۆرانییەکیان پێشکەش کردو دواتر هیوا ڕاعی پێشمەرگەی شاعیر ، شیعرێکی خوێندەوە.
دوای گورانی ئاسۆ موئمنی و هەروەها ئاوات بۆکانی ئەو ڕێوڕەسمە، بە هەڵپەرکێی گشتی کۆتایی پێهات.