تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز سیمینارێکی تایبەت بە پێناسە وئەرک و ڕۆڵی پێشمەرگە بۆ بەشێک لە ژنانی نیو ڕیزەکانی حیزب پێکهێنا.
لەوسیمینارەدا هاوڕی سمایل بازیار کادری حیزبی دێموکرات و مامۆستای مێژوو، بابەتێکی لەسەر کاریگەریی هێزی پێشمەرگە لە قوناغە جیاجیاکانی خەباتی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد.
ئەو سیمینارە پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی حیزب بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی تێکۆشەر بەڕێوەچوو.
سمایل بازیار بە خستنەبەرباسی مێژووی شکڵگرتنی هێزی پێشمەرگەو کاریگەریی ئەو هێزە لە قوناغەکانی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان باسەکەی دەسپێکرد و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک خاڵی گرینگی خستەڕوو.
ناوبرا جێگەو پێگەی هێزی پێشمەرگەی لە سێ قوناغی ( کۆماری کوردستان، ڕاپەڕینی ٤٦و٤٧ ،شۆڕشی گەلانی ئێران) پولێنبەندی کردو لەسەر تایبەتمەندی هەرکام لە قوناغەکان، بۆ ئامادەبووان دوا.
سمایل بازیار بە باس کردن لە هەلومەرجی سەردەمی کۆماری کوردستان و دامەرزاندنی هێزی پێشمەرگە لەو سەردەمەدا وتی: لە سەردەمی کۆماری کوردستان بۆ پاڕاستنی کۆماری و دەسکەوتەکانی پێویست بە هێزیکی چەکدار هەبوو کە لە ژێرناوی “سپای میللی” ڕێکخرا و کە پێکهاتەکانی بەم شێوەبوون؛
هێزی ڕەسمی کە زیاتر لە چینی مامناوەندی بوون، هێزی چەکداری کۆماری کوردستان و هێزی بارزانییەکان.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا با هەڵسەنگاندنی قوناغێکی دیکە لە خەباتی دێموکرات واتە ڕاپەڕینی ٤٦ و ٤٧ بە وردی باسی لە تایبەتمەندییەکانی هێزی پێشمەرگە لەو قوناغە کرد و، لەو بارەوە وتی: لە قوناغێک بەناوی شۆڕشی ٤٦و ٤٧ کە ماوەی ١٨مانگی خایاند ئەرکی پێشمەرگانە لەو سەردەمەدا زیاتر کاری ڕێکخستن و تەبلیغاتی بوو، بەڵام بە هۆکارگەڵێک نەبوونی ئیمکانات و نەبوونی پشتیوان و هەروەها شەڕی چەکداری کورد لەگەل کورد، ئەو بزاڤە سەرنەکەوت و خەساری لێکەوت.
سمایل بازیار لە درێژەی باسەکەی قوناغی سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و خەباتی بەرگریی گەلی کوردی لەو سەردەمەدا بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.
لەو بەشەدا وتی: لە دوای هەڵایسانی شەڕ لە کوردستان هێزی پێشمەرگە لە مەجوودیەتی گەلی کورد بەرگری کرد و لە نێوان ساڵەکانی ٥٨تا ١٣٧٠ی هەتاویی لە چوارپارێزگای کوردستان خەباتی چەکداری پێشمەرگە بوونی هەبووە و سەتا ٨٠ ی هێزی پێشمەرگە لە چینی زەحمەتکێش و گوندنشینەکان پێکهاتبوون و لەو سەروبەندەش ژنانی کورد دێنە نێو سەنگەری خەبات و دەبنە پێشمەرگە.
ناوبرا لە بەشی کۆتایی باسەکەی لەسەر دەور و ڕۆڵی ژنانی خەباتکار و هەروەها ژنانی پێشمەرگەی کرد و، لە هێندێک بیرو بۆچوونی کۆن و عەشیرەیی کە بوون بەربەستێک لەسەر ڕێ بەشداریی کردنی ژنان لە خەباتی پێشمەرگانە ڕەخنەی گرت.
لە بەشی کۆتایی ئەو سیمینارە چەند کەس لە ئامادەبووان، ڕاو بۆچوونی خۆیانیان باس کرد، کە دواتر لە لایەن کۆڕگیرەوە وەڵامدرانەوە.