لە گوندە و ئاواییەکانی ناوچەی شنۆ و مەهاباد بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەو ئاڵا، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو.
بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی دێموکراتدۆستی شنۆ بە دەستمان گەیشتوە، ئەندامان و دڵسۆزانی خوێنگەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شەوی ٢٢ی سەرماوەز لە گوندەکانی دێشەمس، کانی سۆرک و چوار ڕای کارگەر رێزیان لە هێمای نەتەوەیی گەلەکەمان گرت و بە چالاکیی تەبلیغاتی خۆیان، وەفادرای خۆیانیان بەخەباتکاران و پێشمەرگەکانی کورد و کوردستان دووپات کردەوە.
لەو چالاکییەدا لە نێو شاری شنۆ و هەروەها چەند گوند و شارۆچکەی ئەو ناوچەیە تراکت و نووسراوەی پێوەندیدار بەڕێوەچوو.
لە درێژەی پێشوازی کردن و بەرزڕاگرتنی رۆژی پێشمەرگەو ئاڵا، بۆ جارێکی دیکە خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد چالاکییان نواند.
شەوی ٢٠ی سەرماوەز دۆستان و خەمخۆرانی حیزب، لە چالاکییەکی بێوێنەدا بە نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی سەنگەری خەبات و تێکۆشان، لەگەڵ ئامانج و ڕێبازی پێشمەرگانە پەیمانی وەفایان نوێ کردەوە.
تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو گوندی سەهۆڵان و عیساکەندی سەر بە شاری مەهاباد ڕاشکاوانە بە بڵاو کردنەوەی تراکت و وێنەی شەهیدانی حیزب و گەل ، پێشوازییان لە ٢٦ی سەرماوەز کرد.
کۆمیسیۆنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێزلە هەستی نەتەوایەتیی سەرجەم ئەندامان و دۆستانی خۆی دەگرێ و تێکۆشانیان بە ئەرکێکی نەتەوەیی دەزانێ.