لە بەرەبەری ٢٦ی سەماوەز ساڵرۆژی پێشمەرگەو ئاڵای کوردستان سیمینارێک تایبەت بە پێشمەرگەو دەورونەخشی ئەو کاراکتەرە بەهێزە لە قوناخەکانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی گەلی کورد بەرانبەر بە داگیرکەران و هەروەها پارێزەری ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو.
پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز کۆمیسیۆنی ئامووزش بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز سیمینارێکی تایبەت بەو بۆنە نەتەوەییە بۆ هاوڕێ عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنا.
عومەرباڵەکی لە سەرەتای باسەکەی بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی ناوەزدکردنی ناوی پێشمەرگە و هەروەها بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکانی سەردەمی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان ، لەسەر چۆنیەتی شکڵگرتن و ڕێکخستنی ئەو هێزە خەباتکارو داکۆکیکارە بۆ ئامادەبووان دوا.
ناوبراو لە دوو بەش واتا کورتەیەک لەسەر پێشمەرگەو دواتر باسێکی تیرو تەسەڵی لەسەر ئاڵا بە گشتی و ئاڵای کوردستان بە تایبەتی باسەکەی درێژە دا و بە دوو هێمای نەتەوەیی و دوو دەسکەوتی گرینگی حیزبی دێموکرات لە قەڵەم دا.
عومەرباڵەکی لە پێوەندی لەگەڵ رووداوەکانی کوردستان لە دوای شەڕی جیهانیی دوویەم، هەڵسوکەتی ژیرانەو سیاسیانەی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان و سەرەوەی هەموویان پێشەوا قازی محەممەد کە بۆ بە هۆی دامەزاندنی ڕێکخراویەکی گرینگ بۆ ئیدارەی وڵات واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی کورد زانی و لەو بارەوە وتی: دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی دەسەڵاتداریەتی و ئیدارەی وڵات، بیرۆکەی هەبوونی هێزێکی چەکدار لە ژێرناوی “سپای میللی” بە مەبەستی پاراستنی ئەو دەسەڵاتەو هەروەها بەرگریی کردن لە خەڵک و وڵات هاتە ئاراوە و بۆ شی کردنەوەی زیاتری ئەو رووداوە گرینگە چەند بەڵگەی مێژوویی خستەڕوو.
عومەرباڵەکەی لە بەشی دوویەمی باسەکەیدا لەسەر گرینگی و پیرۆزی ئاڵا و لەسەر چۆنیەتی شکلگرتنی ئاڵای کوردستان بە وردی بۆ ئامادەبووان قسەی کرد.
سەرەتا باسی لە گرینگی و جێگەی ئاڵا کرد، چ لە سەردەمە کۆنەکان و شەڕەکان چ لە سەردەمی نوێی شکڵگرتنی دەوڵەت نەتەوەکان و پاشان بە وردی لایەن و قوناخەکانی دروستبوونی ئاڵای کوردستانی خستەبەرباس و لەو پێوەندییەدا کۆمەلیک زانیاریی وردی خستەڕوو.
شایانی باسە لە دوای قسەکانی هاوڕێ عومەر باڵەکی چەند کەس لە ئامادەبووان لە گفتوگۆیەکی کراوەدا ڕاوبۆچوون و تێبینی خۆیانیان باس کرد.