بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەشتووە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، خوشکە پەریزاد قادری، کچی خوالێخۆشبوو کوێخا محەممەدی گۆلێ و خوشکی شەهید سولەیمان قادری، بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ۷۰ ساڵیدا لە مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەر دا لە دایک ببوو. باوکی پەریزادقادری، خاڵە محەممەد ئەندامێکی کۆن و لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە تا دوا ساتەکەنی تەمەنی وەفادار بوو بە رێبازی حیزبی دێموکڕات.
هەر وەها برایەکی خوشکە پەریزاد بە ناوی سولەیمان لە دوای شۆرشی گەلانی ئێران، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی پۆشی و چووە ڕیزی خەباتکارانی ڕێبازی کوردایەتی،یەوە، بەڵام لە ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە شەڕێکی نابەرابەر لەگەڵ هێزەکانی رێژیمی دژی کوردی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا و چووە ناو کاروانی لەپسان نەهاتوویی شەهیدانی کورد و کوردستان.
هەروەها برایەکی دیکەی خوشکە پەریزاد بە ناوی خوسرەو قادری، بە تاوانی ئەندامەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا بەند بوو و ئیستاش لە ڕیزی تێکۆشەرانی ئەو حیزبە دا خەریکی خەباتە. خوشکە پەریزاد بۆ برا و خزمەکانی خوشکێکی بە ئەڤین و بۆ شۆڕشگێڕانی کوردستانیش دایکێکی بە ئەمەگ و دڵسۆز بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچیدوایی خوشکە پەریزاد قادری، پرسە و سەرەخۆشێ خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێی تێکۆشەرمان خوسرەو قادری دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.