سەرۆکی فراکسیۆنی ژنان لە مەجلسی ئێران، ئاشکرای کردووە کە لە ئاستی ئێراندا ٢ هەزار بێوەژنی تەمەن ٩ بۆ ١٢ ساڵ هەیە.
بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، پەروانە سەلەحشووری، سەرۆکی فراکسیۆنی ژنان لە مەجلیسی ئێران لە کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی “مافی ژن، مافی مرۆڤ” دا ڕایگەیاندوە: “بۆ بردنەسەری تەمەن پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، کچانی ئێمە پێویستیان بە پشتیوانیی هەمووان هەیە، نەکە ئەوەی کۆمەڵێک بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیانی لێ بدزنەوە”.
لە درێژەدا گوتیشی: “نابێ ژن بە تۆمەتی “ژنبوون” مافی لێ زەوت بکرێ و ئێمە بۆ پێکهێنانی دامەزراوەی پشتیوانی ژنان لە دەوری یەک کۆ بووینەتەوە، بۆ ئەوە کە کار و پیشە بۆ ئەو ژنانە ببینینەوە کە خۆیان سەرپەرشتی بنەماڵەن”.
ئەو ئەندامەی مەجلیس وێڕای ئاماژە بە بوونی ٢ هەزار بێوەژنی تەمەن ٩ بۆ ١٢ ساڵ لە ئیران، ڕایگەیاند، “ماوەی یەک ساڵە پرسی زوو بە شوودانی کچان و منداڵانمان لە مەجلیس خستووەتە بەرباس، بەڵام بۆ چارەسەریی ئەو گرفتە، بەداخەوە لەلایەن هەندێ ژنەوە کە خۆیان بەرپرسن ئاستەنگ ساز دەکرێ.”
شایانی باسە ساڵانە بە دەیان ڕاپۆرت و هەواڵ لەبارەی زوو بە شوودانی کچان لە ئیران بڵاو دەبنەوە کە دواتر بەهۆی گرفتی تەمەن و قەیرانی کۆمەڵایەتی لێک جیا دەبنەوە.