له رۆژانی ٧ تا ١١ی دێسامبری ٢٠١٧، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له پاریس به هاوڕێیه‌تیی هاوڕێیانی کۆمیته‌ی حیزب له فه‌ڕانسه دیدار و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک به‌رپرسی سیاسیی ئه‌و وڵاته و که‌سایه‌تییه‌کان و دۆستانی گه‌لی کورد هه‌بوو و سه‌باره‌ت به پرسی کورد به گشتی و خه‌باتی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵیان ئاخاوت.
دوانیوه‌ڕۆی رۆژی ٨ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه هه‌بوو. ناوبراو له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه له‌لایه‌ن “ئاندرێ پینێلی” به‌رپرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه و هه‌ریه‌ک له “نۆیێمی ئاتیا” و “ژێرێمی ئایشنبێرگێر” دیپڵۆماتی لێپرسراو له دۆسیه‌ی ئێران له‌و وه‌زاره‌ته، پێشوازیی لێ کرا. له‌و دانیشتنه‌دا سه‌ره‌تا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی پاشخانی پرسی کورد به گشتی و پرسی کورد له ئێران و کارتێکه‌ریی رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ناوچه، چاوه‌ڕوانییه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سه‌باره‌ت به به‌رپرسایه‌تیی فه‌ڕانسه له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی کورد و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پیلان و مانۆڕه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له ناوچه‌دا و روانگه‌ی حیزبی دێموکڕات بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌کانی کورد و ئایندهی ئێران خسته‌ڕوو. دواتر ئاندرێ پینێلی، وێڕای ئاماژه به چوارچێوه و بنه‌ما گشتییه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه پاش هاتنه سه‌رکاری ئێمانوێل ماکرۆن، ئه‌وله‌وییه‌ت و زه‌رفییه‌ته‌کانی کابینه‌ی نوێی فه‌ڕانسه‌ی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دۆسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی پرسی کورد و دۆسیه‌ی ئێران‌دا شی کرده‌وه. دواتر هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی درێژه‌دانی پێوه‌ندی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سه‌باره‌ت به سیناریۆ و پێشهاته‌کانی له‌مه‌ودوای پێوه‌ندیدار به ئێران و کوردستان باس و گفتگۆیان کرد.
له دیدارێکی دیکه‌دا که هه‌مان رۆژ به‌ڕێوه چوو، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده چاوی به سه‌ناتۆر “ئیڤ پۆزۆ دیبۆرگۆ” که‌وت و له دانیشتنێکی پڕ نێوه‌رۆکدا وه‌زعیه‌تی کورد به گشتی و خه‌باتی کورد له ئێرانی بۆ خسته‌ڕوو. ناوبراویش وێڕای نیشاندانی هۆگری و پشتیوانی له‌و به‌ها و ئامانجانه‌ی کورده‌کان خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن، له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێنانه به‌ر باسی زیاتر و باشتری پرسی کورد له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسی و ناوه‌نده‌کانی توێژینه‌وه‌ی فه‌ڕانسه هێندێک بۆچوون و پێشنیاری هێنایه گۆڕ که له‌لایه‌ن جێگری سکرتێری گشتیی حیزبه‌وه پێشوازیی لێ کرا و بڕیار درا پێکه‌وه کاری له‌سه‌ر بکه‌ن.
له رۆژانی ٧ و ١١ی دێسامبریش، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو کۆنسولی گشتیی پێشووی فه‌ڕانسه له هه‌ولێر، واته “ئاله‌ن گێپرات” و “فردریک تیسۆ” دیداری هه‌بوو و سه‌باره‌ت به دۆخی پاش ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان و دۆخی ئێستای خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵات و چۆنیه‌تیی کارکردن بۆ راکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی فه‌ڕانسه بۆ لای پرسی کورد له ئێران راوێژ و گفتگۆیان کرد.
هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ پاریس، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی ٨ی دێسامبر، سه‌ردانی نوێنه‌رایه‌تیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له پاریسی کرد و له‌گه‌ڵ عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له پاریس سه‌باره‌ت به بارودۆخی پاش ریفراندۆم و قابلییه‌تی تیمی “ئێمانوێل ماکرۆن” سه‌رکۆماری تازه‌ی فه‌ڕانسه بۆ به هاناوه هاتنی کورد و هاوکاریی نێوان لایه‌نه کوردییه‌کان و ره‌وه‌ندی کوردی بۆ لۆبیگه‌ری له‌لای داموده‌زگا سیاسییه‌کانی فه‌ڕانسه گفتگۆیان کرد.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له رێوڕه‌سمێکدا که رۆژی ١٠ی دێسامبر ئه‌نجومه‌نی کوردانی دانیشتووی فه‌ڕانسه بۆ رێزگرتن له یاد و بیره‌وه‌ری و خزمه‌ته‌کانی عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌رویشیان رێکی خستبوو به‌شدار بوو. له‌وێش وێڕای دیدار نوێکردنه‌وه له‌گه‌ڵ هێندێک که‌سایه‌تیی کورد و ئێرانیی دانیشتووی پاریس، سه‌باره‌ت به هاوکاری و هاوخه‌باتیی زیاتر گفتگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونی له‌گه‌ڵ کردن.