٢ کاسبکاری خەڵکی شاری پیرانشار و مەریوان بە شێوەی جیاواز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، شەوی ١٨ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی “کەماڵ ڕەحمانپوور” تەمەن ٣٢ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان لە جاددەی قەزوێن بریندارکرا.
کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی ناوبراو ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردەوە. دەڵێ، کەماڵ ڕەحمان پوور سێ گوللەی بەرکەوتوو و لەلای لاقی و هەردوو دەستی زیانی بەرکەوتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا هەمان ڕۆژ کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، بە ناوی “سیروان” خەڵکی گوندی “ئاڵمانە”ی سەربە شاری مەریوان بە هۆی بەربوونەوە لە گەردەنەی “تەتە” لە ناوچەی هەورامان بە سەختی بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە ترسی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە هۆی بارینی بەفر و کڕیەوە لە گەردەنەی تەتە تووشی ئەو ڕووداوە بووە و لە لای پشتیەوە بە سەختی زیانی بەرکەوتووە و باری جەستەیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، بە ناوی “ڕەحمان” خەڵکی گوندی “دزڵی” سەر بە شاری مەریوانی لە کاتی حەوانەوە لە نێو خێوەتەکەیدا، تووشی گازگرتوویی بووە و بە یارمەتی چەند کۆڵبەرێک بۆ چارەسەریی پزیشکی، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری خورماڵ، لە هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە.
شایانی باسە حەوتووی ڕابردوو، ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە شاخی “شەترە” تووشی با و بۆران بوون و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی “ئیدریس بایزیدی” تەمەن ٢٥ ساڵ کوری قادر، خەڵکی گوندی “سینگان” گیانی خۆی لە دەست دا.
بەپێی سەرچاوەکانی ئامار لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٢١ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.