کۆمیتەی سۆئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سمینارێکی بۆ باس لەسەر پرسە سیاسییەکانی ڕۆژەڤی کوردستان بۆ خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات پێک هێنا.
لەو سمینارەدا کە ڕۆژی شەممە، 9 ی جۆزەردان بە بەشداریی ئەندامانی حیزب لە سۆئێد، نوێنەرایەتی بەشێک لە حیزبو ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆمەڵێک میوانو پەیامنێری چەند ڕاگەیاندنی کوردستانیو جیهانی بەڕێوەچوو، خالید عەزیزی بە شێوەیەکی گشتی تیشکی خستە سەر ڕووداو و گۆڕانگارییەکانی جیهان، ناوچەی خۆرهەڵاتی نیوەراست، ئێران وکوردستانو هاوکات سیاسەتو خوێندنەوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو رووداوانەدا شیکردەوە.
لە سەرەتای سمینارەکەدا حەمەدەمین ڕەشیدی و شلێر حەسەنپوور، ئەندامانی کومیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید، چەند سەرنجێکیان لەسەر باس و بابەتەکانی سمینارەکە خستە بەرچاو، پاشان سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسەکەی خۆی پێشکێش بە بەشداران کرد.
خالید عەزیزی باسەکەی بە پێناسەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی سیاسیو نەتەوەیی ئەو بەشە لە کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانو، باسکردن لە ئێرانو پێکهاتەی دەسەڵاتو سیاسەتو بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێکرد.
سکرتێری گشتیی حیزب بە ئاماژە بە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٧٠ ساڵ ژیانی سیاسیی ئەو حیزبەدا گوتی ٧٠ ساڵ خەباتو تێکۆشان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی، قوربانیدانو فیداکاری، شانازیی دامەزراندنی کۆماری کوردستان وەک یەکەم شوناسی سیاسیی کورد، دانانی سەمبولە نەتەوەییەکانی وەک ئاڵا، سروودی نەتەوەییو پێشمەرگە بەشێک لە مێژووی ئەو حیزبەن کە بە هەزران کادرو پێشمەرگەی شەهید بووەو بە دەیان ئەندامی رێبەریی بەخت کردوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو حیزبە بەو پاشخانە دەوڵەمەندە لە خەباتو تێکۆشان بێشک بێ هەڵە و پەڵەش نەبووە بۆ حیزبێکی سیاسی، ئێعتراف بە هەڵەو کەمایەسییەکانی بەرچاو ڕوونییەکی زیاتری پیدەدا کە چۆن لەگەڵ ئەو سیناریۆ ناڕوونانە بەرەوڕوو بێتەوە کە ئەگەر لە بەشەکانی دیکە کوردستان ئاڵۆزن، لە ئێران ئاڵۆزترو ناڕوونتریشن.
خالید عەزیزی لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا پەڕژایە سەر پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیو سیاسەتو تێڕوانینی ئەوان بۆ هاوکێشە ناوچەییو جیهانییەکان وەک زلهێزیکی ئەکتەرو؛ لەو بەشە لە قسەکانیدا تیشکی خستەسەر چۆنیەتیی ڕوانینی کماری ئیسلامی بۆ پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانو سیاسەتی بەکردەوەی لەو بەشانەی کوردستاندا.
خالید عەزیزی گوتی ئێران لە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەدا خۆی بە دۆستی کورد لە سووریە،عێراق و تورکیە دەزانێ، بەڵام لە هەموو شێوەیەکی سەرکوتو گرتنو کوشتار دژ بە کوردی وڵاتەکەی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
عەزیزی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە دژی پەیوەندی ئێران لەگەڵ پارچەکانی دیکە کوردستان نینو پێشمان خۆشە ئەو پەیوەندییانە لە بەرژەوندیی کورد لەو بەشانەی کوردستان پەرە بستێنن، بەڵام ئێران لە سیلەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا دەکا.
خالید عەزیزی گوتی ئێران لە پشتیوانیکردنی بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ پەڕاوێز خستنی کورد لە ئێراندا کەڵکی وەرگرتووەو هەموو کات وای نیشانداوە کە کورد لە ئێراندا کێشەیەکی نیە.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا بە جەختکردنەوە لە سەر نێوەڕۆکی گوتاری ڕۆژهەڵات مێحوەری گوتی دەبێ ئەو هەستە لە هەمووان دا بەهێز بکرێ کە بەهێز بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پارچەکانی دیکەش.
پرشو بڵاویی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هۆکارێکی لە کزیدانی خەباتی سیاسیی کورد لە ئێران، پێویستیی تێپەڕین لەو دۆخی بڵاوییەو؛ پێویستیی هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ کاری ڕێکخراوەییو مەدەنیو مودیرییەتی ئەو تێکۆشانەو چەند باسێکی نێوخۆیی کۆمەڵە تەوەرێکی دیکەی باسەکەی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لەو سمینارەدا بوو.
شایانی باسە لە دوای باسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب کۆمەڵێک لە بەشدارانی سمینارەکە ڕاو بۆچوونی خۆیان لەسەر باسەکەی بەڕێزیان هێنایە گۆڕێو دواتر کۆڕگێر وەڵامی پرسیارو سەرنجو تێبینیی بەشدارانی دایەوە.