نووسەر و بیرمەندی بە توانای کورد، بەختیار عەلی لە ڕێوڕەسمێکدا وەک نوێنەری ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو و خەڵاتی “نیلی زاکس”ی وڵاتی ئاڵمانی وەدەستهێنا.
ئەو نووسەر بەناوبانگە لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاند: کە خەڵاتی نیلی زاکس”ی ساڵی ٢٠١٧ی لە وڵاتی ئاڵمان وەدەستهێناوەو بە نوێنەری ئەدەبیاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە.
ئەو خەڵاتە هەر دوو ساڵ جارێک دەبەخشرێ بە باشترین نووسەری دووساڵە، کە لەلایەن چەندین رەخنەگری ئەڵمانیەوە هەڵدەبژێردرێ.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەختیار عەلی جگە لە وەرگێرانی ڕۆمانەكانی بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، بە بەردەوامییش لە ناوەندە ئەدەبیە ناودارەكانی ئاڵمان و ئۆتریش و سویس وڵاتانی تری ئەورووپا، چالاكی هەبووە و كۆڕ و سیمیناری بە زمانی ئەڵمانی پێشكەش كردووە و خاوەن چەندین بەرهەمی ئەدەبی و فەلسەفییە.
شایانی باسە”نیلی زاکس” شاعیرێکی چەوساوەی سەردەمی دەسەڵاتداریەتی نازیسمە کە لە ساڵی ١٩٤٠ی زایینی بە هۆی ئازارو ئەشکەنجەی سیستەمی هیتلەر، لە گەڵ دایک و چەند کەس لە هاوڕێیانی لە وڵاتی ئاڵمان هەڵدێ و پەنا دەباتە وڵاتی سوید و لە ساڵی ١٩٦٦ی زایینی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیاتی وەدەست هێناوە.
نیلی زاکس” ئێستاکە ناوی خەڵاتێکی ئەدەبییە کە لە لایەن رەخنەگرانی ئاڵمانەوە هەر دووساڵ جارێک بە نووسەرێک دەبخشرێت.