بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتوە، مام حەمید ئیبراهیمی پێشمەرگەی دێرین و باوکی یەکێک لە شەهیدە سەرفەرازەکانی حیزب، رۆژی ١٧ی سەرماوەز لە تەمەنی ٧٥ ساڵەیدا بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو جیا لەوەی بۆ خۆی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگانەی لەبەر کردبوو ،باوکی شەهید نەجیب ئیبراهیمی ، یەکێک لە کادرە بەوەجەکانی حیزبی دێموکراتە، کە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
هەروەها حەمید ئیبراهیمی ، مامی شەهید ئەیووب ئیبراهیمی”یە کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو.
شیاوی باسە ناوبراو کەسێکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست بوو، هەتا دوایین هەناسەی ژیانیشی بە ڕێبازی شەهیدان و ئامانجەکانی خۆی وەفادار مایەوە.
جێی ئاماژەیە تەرمی مام حەمید لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی دۆڵ، لە گوندی زێوە بە خاک سپێردرا.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم کەسوکاری مام حەمید ئیبراهیمی بە تایبەتی بنەماڵەی بەرێزیان ، خۆی لە خەم و پەژارەیان بەشەریک و هاوخەم دەزانێ.