دادگای گشتیی شاری سەقز کچە چالاکێکی مەدەنی کوردی بە لێدانی ٥٠ قامچی و سزای نەغدی مەحکووم کرد.
بەپێی هەواڵی میدیا نێوخۆییەکان، کچە چالاکێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی “زەمانە زیوەیی” لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لێدانی ٥٠ قامچی و ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن سزای نەغدی مەحکووم کرا.
ئەو چالاکە خوێندکارە کوردە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی لە ڕاپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتی” تاوانبار کراوە. لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا دادگای شۆڕش لە شاری سەقز دادگایی هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراو لە کۆبوونەوەی ڕاپرسی سەرەبەخۆیی کوردستان دەست پێ دەکا.
پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕاپرسی لە باشووری کوردستان ، هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێی و شایی و خۆشی لە شەقامەکان بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ئەم ڕاپرسییە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیبوو کە دواتر لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە و کۆمەڵێک خەڵک دەسبەسەرکران و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕاگیراون.