هێزی ئاسمانیی سووریە بە كەلكوەرگرتن لە بۆمبە بۆشكەییەكان، پەلاماری چەند ناوچەیەكی باكووری ئەم وڵاتەی داوەو هەرنەبێ ٧١ کهسی بێدیفاعی كوشتووە.
چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە كە هێلیكۆپتێرەکانی سهر به سپای دهوڵهت بە بۆمبی بۆشكەیی هێرشیان كردە سەر ناوچەی ئەلباب كە لە بەر دەستی گرووپی داعش دایەو، هەروەها ڕۆژهەڵاتی شاری “حەلەب”یشیان بۆردوومان كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، لە دوو بۆردوومانەدا، لە بازاڕێكی قەرەباڵغ لە ئەلباب، هەر نەبێ ٥٩ كەس كوژراون. هەروەها بههۆی هێرشكردنه سەر ناوچەی ئەلشعار لە ڕۆژهەڵاتی حەلەبیش كە ئێستا لە لایەن دژبەرانی دەوڵەتەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێ ١٢ كەس كوژراون كە ٨ كەسیان ئەندامی بنەماڵەیەك بوون؛ هەروەها ژمارهیهکی زۆری دیکهش له خهڵکهکه بریندار بوونو ١٩ كەسیش بێ سەروشوێن كراون كە وێدەچی لە بن دارو پەردووی مابێتنهوه..
كۆمیسیۆنی گشتیی شۆڕشی سووریە كە لە گرووپەكانی دژبەری ڕێژیمی ئەسەد پێك هاتووە، ئەم هێرشەی وەك یەكێك لە گەورەترین کۆمهکوژییهکانی هێزی ئاسمانیی سووریە، لە سەرەتای ساڵی نوێوە تا ئێستا ناو بردووە. ئهوان دهڵێن لە ئەلباب مرۆڤەكان لەت و كوت كراونو دووكانەكان وێران بوون و ماشێنەكانیش ئاگریان تێبەر بووە.
جێی بیرهێنانهوهیه که تا ئێستا چەندین جار لە لایەن گرووپەكانی مافی مرۆڤو ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانهوه، پەلاماردرانی ناوچەكانی شوێنی نیشتەجی بوونی خەڵكی مهدهنی به بۆمبە بۆشكەییەكان، بە توندی مەحكووم كراوە.
شایانی باسە شەڕی نێوخۆیی سووریە که زیاتر لە ٤ ساڵە هەروا درێژەی هەیە، تا ئێستا گیانی لە ٢٢٠ هەزار كەس ئهستاندووەو بە قسەی چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە، گرووپی تێرۆریستی داعش دەستی بەسەر نیوەی سووریە، بە تایبەت لە باكوورو ڕۆژهەڵاتی خاكی ئەم وڵاتەدا گرتووە.