مام عەلی محەممەدگوڵ، خەڵکی شنۆ، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچیدوایی کرد.
کاک عەلی محەممەد گوڵ هەم بە هۆی هۆگریی خۆی بە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و هەر وەها بەو هۆیەوە کە برایەکی بە ناوی ڕەسووڵ هەر لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات، بوو بە پێشمەرگەی هێزی کێلەشین، لە ساڵی ١٣٥٨ەوە تێکەڵ بە تێکۆشانی ئەم حیزبە بوو. بەدیلگیرانی ڕەسووڵ و تێپەڕکردنی ساڵانێکی سەخت لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی، بوون بە هۆی ئەوە مام عەلی بەردەوام لە هاتوچۆی بەندیخانەکان دابێ و لە گەڵ ئازار و ئەزیەتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بێ. لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی دا کوڕێکی مام عەلی بە ناوی هاوڕێ قادر محەمەدگوڵ کە لە ڕیزی تێکۆشەرانی نهێنی دا خەباتی دەکرد، کەوتە بەندیخانە و دواتر هاتە ڕێزی تێکۆشەرانی ئاشکرا و دیاری حیزبی دیموکڕات. جارێکی دیکە ئەزیەت و ئازاردانی مام عەلی و بنەماڵەکەی لە لایەن ئیتلاعات و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی دیکەی ڕیژیم، دەستی پێ کردەوە . بەڵام مام عەلی نەک هەر تەسلیمی گوشار و داوای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نەبوو بەڵکوو شانازیی بەوە دەکرد کە کورەکەی لە ڕیزی تێکۆشەرانی دیموکڕات دایە و هەر بەم بۆنەیەشەوە لە نێو خەڵکی ناوچەی شنۆ، ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبوو.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مام عەلیی محەممەد گوڵ، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەمالە بەڕیزەکەی، خزمان و کەسوکار و سەرجەم خەڵکی دڵسۆز و دیموکراتپەروەری ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.