کچە خوێندکارێکی کورد، بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی “کشاورزی” و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامین لە پارێزگای خووزستان گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان چند ڕۆژ لەوەپێش، تەرمی کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، بە ناوی “مونا دۆڕانی” لە خەوتنگەی زانکۆی کشاورز و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامین لە پارێزگای خووزستان دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک بەو ڕووداوە ڕیاگەیاند: ئەو کچە خوێندکارە کوردە تەمەن ٢٨ ساڵە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی زانکۆ خەریکی پەردەپۆش کردنی گیان لە دەستدانی ئەو خوێندکارە بوون، کە هۆکاری مردنەکەی بۆ جەڵتەی دڵ ڕابگەیەنن. بە قسەی ئەو سەرچاوەیە، هاوڕێیەکانی مونا لە زانکۆ بە دڵنیاییەوە باس لە کوژرانی ناوبراو دەکەن.
بەرپرسانی زانکۆ هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی ئەو کچە خوێندکارە کوردە نەداوە و خوێندکارانی زانکۆ هۆکاری ئەم بێدەنگییەش بۆ چاوپۆشی کردنی گیان لە دەستدانی ناوبراو دەگەڕیننەوە. ئەو سەرچاویە هەروەها پێداگری دەکا، کە مونا دۆڕانی بە هیچ شێوەیەکی نەخۆشی دڵی نەبووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ کام لە هەواڵدەرییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، هەواڵی گیان لە دەستدانی مونا دۆڕانیان بڵاونەکردووەتەوە و هەروەها لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی قانوونی سەبارەت بە گیان لە دەستدانی ئەو خوێندکارە کوردە، ڕاپۆرتێکی ورد و دروستیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووتەوە.
مونا دۆڕانی خوێندکاری قۆناغی ساڵی ٣ دوکتورا لە بەشی “کشاورز ترویجی” لە زانکۆی کشاورزی و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامین لە پارێزگای خووزستان بووە.
پێشتریش چەندین حالەتی هاوشێوە لە زانکۆکانی ئێران و کوردستان بۆ کچانی خوێندکاری کورد روویدابوو، کە هەتا ئێستا بەدواداچوونی پەروەندی گیان لە دەستدانی کچانی خوێندکاری کورد، لە زانکۆکانی ئێران بێوەڵام ماوەتەوە و ئەمەش بەردەوام بوونی کوژرانی کچانی خوێندکاری کوردی لە ئێرانی، لێ دەکەوێتەوە.