خاتوو یەڵدا هونەرمەندی فارسی بەڕەگەز ئێرانی کە دانیشتووی ئیسپانیایە، لە فێستیڤاڵێکدا که ڕۆژی ٢٨ی نۆڤەمبر لە بەرشلۆنا بهڕێوهچوو، گۆرانیی کوردی بە زاراوەی کەڵهوڕی خوێند و سەرنج و هاندانی بەشداربووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
یەڵدا لەدایکبووی تارانە و چەند ساڵێکە لە ئیسپانیا دەژی و لە دوو بواری ڕۆژنامەنووسی و زمانی ئیسپانیولیدا خاوەنی ماستەرنامەیە و لەگەڵ هەندێ ناوەندی ڕۆژنامەنووسی ئینگلیزی و ئەورووپی کاری کردووە. ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامە کوردستان دەربارەی حەزی خۆی بۆ موسیقای نەتەوەکان گوتی: «زۆر حەزم لە کولتووری جیاوازە و بۆ ناسینیان فێربوونی زمان و وتنەوەی موسیقاکەیانم هەڵبژاردووە و چوار ساڵە بەجیددی و پرۆفێشناڵ گرنگی بە هونەر دەدەم و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە بەرشلۆنە بەرهەمم بووە و بەیارمەتیی هاوڕێیانم کە لە وڵاتگەلی جۆراوجۆرن گرووپی هونەری «بی، ئێس، ئێن» واتە پڕۆژەی(جیهانی موزیک)مان دامەزراندووە. ئامانجمان ئەوەیە لە ڕێی موسیقاوە هەموو سنوورەکانی سیاسی و جوغرافی بشکێنین و دژی ڕەگەزپەرستی هەڵوێستمان هەبێت».
خاتوو یەڵدا کە زۆر گرنگی بە فولکلۆری وڵاتان و نەتەوەکان دەدا، سەبارەت بە کولتووری کورد و گوتنی گۆرانیی کوردی گوتی: «زۆر حەزم لە کولتووری جوانی کوردە. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە خۆم فێری زمانی کوردی کرد و بەبێ مامۆستا بە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک و گوێگرتن لە موسیقا و هەواڵەکان هەوڵم دا کوردییەکی باش قسە بکەم و بنووسم و تەنانەت لە زمانەکانی تریشەوە بۆ کوردی یان لە کوردییەوە بۆ زمانەکانی تر وەرگێڕانم هەبێ و یەکەم کاریشم وەرگێڕانی کورتە شێعرەکانی خوالێخۆشبوو شێرکۆ بێکەس بوو بۆ ئیسپانی کە کاتی خۆی لە سلێمانی چاپ کرا و هیوادارم لێرە بتوانم چاپی دووبارەی بکەم. دیالێکتەکانی زمانی کوردی دەزانم و بە هەر دوو ڕێنووسی ئارامی و لاتین دەنووسم. بۆیە فێر بووم چونکە حەزم لە زمانی کوردییە.
لەو فێستیڤاڵەدا بە زمانەکانی ئیسپانی، ئەفریقی، عیبری، فارسی، کوردی، پۆڵۆنی (لهستان)، ڕۆمانی، کەتالۆنی، پڕتەقاڵی و ئینگلیزی و تورکی گۆرانی پێشکەش کرا و خاتوو یەڵدا دەڵێ: «هەرچەند موسیقی زمانی هەست و ئیحساسی مرۆڤە بەڵام هەوڵ دەدەم پێش وتنی گۆرانییەکانم بە زمانگەلی جۆراوجۆر، پێشینەیەک و ناسینێک دەربارەی گۆرانییەکە بە بیسەران و خوازیارانی بدەم».
ئەو دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی وتنەوەی گۆرانی بە زمانی کوردی دەڵێ: «بۆیە کوردیم هەڵبژاردووە چونکە زۆر حەزم لە ئەدەب و زمان و کولتوورەکەیەتی و دەمەوێ ئەو کولتوورە جوانە بە خەڵکی ئێرە بناسێنم. کوردەکان لێرە ئەکتیڤ نین و من دەمەوێ وەکوو داکۆکیکارێکی بچووکی نەتەوەی کورد لێرە چیم پێ بکرێ ئەنجامی بدەم».
خاتوو یەڵدا کە کاری وێنەگری و مۆدێلینگیش دەکا و لە چەند پێشانگا و فێستیڤاڵیش لەم بارەوە دەوری کارای لە وڵاتی ئیسپانیا گێڕاوە و تەنانەت جارێکیشیان لە فێستیڤاڵێکی جلوبەرگدا لەسەر خواست و هەوڵی خۆی نمایشکاری جلوبەرگی کوردی بووە؛ هیوا دەخوازێ کوردەکانیش لە ئیسپانیا دەوریان هەبێ بۆ ناساندنی کولتوور و زمان و نەتەوەکەیان و هەروەها پشتگیریش بکرێ لەو کەسانەی خزمەتی ئەم ناساندنەی کولتوور و ئەدەب و زمانی کوردی دەکەن و گلەیی لە ڕەوەندی کوردی هەیە لە ئیسپانیا کە دەتوانن دەوری کارا بگێڕن بەڵام دیار نین.
( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)