خەڵکی بە هەست و هەڵوێستی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەبەری ساڵیادی رۆژی پێشمەرگەو ئاڵای کوردستان، بە چالاکیی تەبلیغاتی پشیوازییان لە بۆنە نەتەوەییە کرد.
ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاروناوچە جیاجیاکانی
کوردستان لە چالاکییەکی بەربڵاو پێشوازییان لەو یادە نەتەوەییە کردو، وەفاداری خۆیانیان بە تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی دێموکرات سەلماند.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ناوچە سنە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسراوەی پێوەندییدار یاد وناوی ٢٦ی سەرماوەزیان بەرزڕاگرت.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سرنجیانەی سنەو هەروەها لە تەنگیسەری دێموکراتدۆستی ناوچەی ژاوەرۆی سنە و لە گەڵ ئاوایی حەسەنئاوا کۆمەڵیک تراکت و نووسراوەی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەزیان بڵاو کردوتەوە و، لە گەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان پەیمانی وەفایان نوێ کردەوە.
هەر لە درێژەی پێشوازی کردن لە ٢٦ی سەرماوەز، دۆستانی سەر بەڕێکخستنەکانی حیزب، لە ناوچەی بانە بە بڵاوکردنەوەی دروشم و نووسراوەی شۆڕشگێڕانە هەڵوێستی خۆیانیان لەو بارەوە دەربڕی.
لە ناوچەی ئیلامی کوردپەروەریش بۆ سێیەمین جار لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەی بەرفراوان و بێوێنە پێشوازییان لە رۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد و لە چەندین شوێنی نێو شاری ئیلام و هەروەها لە نێو شاری مێهران و مەلەکشا تراکت و نووسراوەی پێوەندیداریان بڵاو کردەوەو بەم جۆرە لە تێکۆشەران و خەباتکارانی کورد پشتیوانییان کرد.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەرزنرخاندنی سەرجەم چالاکییەکانی ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات، سپاسیان لێدەکا و سڵاویان بۆ دەنێرێ.