بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “کوردستان و کورد” ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز دوو کۆڵبەر بەناوەکانی خدرتابناک و ئیدرس خەڵکی گوندی سینگان لە ناوچەی شنۆ بە هۆی هەرەس و ڕنووی بەفرەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دووکۆڵبەرە لە کاتێک بە سەخڵەتی خەریکی دابین کردنی پارۆیەک نان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بوون لە ترسی لە کەمین کەوتن و دستدڕیژی گوللە، یان وەسەر مین کەوتن بەناچاری لە ڕێگایەکی ئاستەمتر هەڵدەبژێرن و بەداخەوە بە هۆی ڕنووی بەفرو كڕێوە گیانیان لەدەستدا و بنەماڵەکانیان لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیاندا مانەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەی کە رێبەندانی ساڵی ڕابردووش ١٢ کۆڵبەری کورد لە نزیگ گوندی (بێورانی خواروو) سەر بە ناوچەی سەردەشت تووشی کارەساتی هەرەسی بەفر دەبن.
بە هۆی سەرماو رنووی بەفر و وەبەرهەرەس کەوتنی ١٢ کۆڵبەر ، چوار لەوان بە ناوەکانی دیاری محەممەد نەژاد، کوڕی هەمزە تەمەن١٨ساڵ و شێرزاد عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٢٧ساڵ کوڕی عومەر و هیوا ئیبراهیم نیا ، کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ساڵ و محەممەد هەمزەزادە ، بوونە قوربانی و چەند کەسی دیکەش لە کۆڵبەرەکان دەست ولاقیان شکا.