لە ساڵی ١٢٦٢ی هەتاوی لە گوندی زەمبیلی نێوان تورجان و بۆکان، منداڵێکی ژیکەڵە لە بنەماڵەی سەیدەکانی ئەوگوندە پێی نایە ژیانەوە و مۆمی ژیانی بڵێسەی دا. دایک و باوکی ئەو منداڵە، واتە سەید عەبدولکەریم و شێخزادە حەلیمەخانم لە سەر نەریتی ئەودەم کۆڕێکیان بۆ ناولێنانی منداڵەکەیان گرت و ڕیش سپی و پیاو ماقووڵانی گوندیان بانگهێشتی خوانی کۆڕەکە کرد و ناویان نایە عەبدوڕەحمان.
عەبدوڕەحمان، وەکوو هەموو منداڵانی دیکه‌ی ئەودەمی کوردستان، یان دەبوو ببایە بە وەرزێر یان لە حوجرەدا نرابایە بەر خوێندن، دوای تێپەڕاندنی تەمەنی ٦_٧ ساڵی، زۆر ئاسایی بوو منداڵی شێخ و سەییدەکان لە حوجرەکاندا، کە تاکە قوتابخانەی ئەو دەم بوو وەبەر خوێندن دەنران. عەبدوڕەحمانیش، هه‌رلەو تەمەنەدا لای زانای پایه‌به‌رزی ناوچه‌که، واتە مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د حه‌سه‌نی وه‌جدی قزڵجی وه‌به‌ر خوێندنیان نا و زانست و ئه‌ده‌بی لای ئەو خوێند و بە فەرمی بووبە فەقێ و، لهحوجرەی مامۆستاگەلێکی گه‌وره‌ی وه‌ک حاجی مه‌لا ساڵحی سه‌دراباد و حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵای وه‌ڵزی (په‌سوێ) و دواتر لە خزمەتی مه‌لا قادر لە گەورە حوجرەکەی بیاره‌دا درێژه‌ی به خوێندن دا و، زۆربەی زانستهکانی سه‌رده‌می خوێندن و هەر لەوێش بڕوانامەی مەلایی وەرگرت.
مامۆستا عەبدوڕەحمان، گه‌لێک هۆگری خوێندنەوە و لێکۆڵینه‌وه بووە و له مێژوو و کۆمه‌ڵناسیی و هەروەها له زانستهکانی بیرکاری و ئه‌ستێره‌ناسیدا پسپۆڕ و خاوه‌ن داهێنان و ڕێکاری خۆی بووە و لە زمانەکانی تورکی و فارسی و عەڕەبی شارەزایی زۆری بووە و تەنانەت بەو زمانانەش چەند بەرهەمێکی هەن کە به‌شێک له نووسراوه‌کانی بریتین له «تنقید هیئت جدید، تعدیل اعداد»، که لهداهێنانەکانی خۆی بووە، و «حواشی بر ابن حجر»، و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو شێعری به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی هۆندۆتەوە.
مامۆستا هەر زۆر زوو بوو به زانایه‌کی دیار و به‌رچاوی نیشتمانه‌که‌ی.
مامۆستا عەبدوڕەحمان، لەگەڵ حومەیرا خانمی کچی شێخ جەلال، کە دەبێتە بن ئامۆزای پێشەوا قازی محەممەد ژیانی هاوبەش پێک دێنێ و هۆگریی مامۆستا عەبدوڕەحمان، به‌مێژوو و کو‌لتوور وئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌که‌ی، بردیانه کۆڕی زانایان و خه‌باتکارانی ئەودەمی گه‌له‌که‌ی و بوو به پێشمه‌رگه‌یه‌کی پێشه‌نگ له پێناو ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.
ژیانی ڕامیاری و تێکۆشانی مامۆستا له پێش شۆڕشی مه‌شرووته‌ی ئێران و عوسمانییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیست ساڵ پێش دامه‌زراندنی (کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک). له‌شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا، سوپای ڕووسیه شه‌ڕی خسته نیشتمانه‌که‌ی مامۆستا عەبدوڕەحمان و، ئەویش دەستەوەستان ڕانەما و دژی کاولکاری و بێڕێزی و سووکایه‌تییه‌کانی سوپای ڕووس به پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، ڕاپه‌ڕی و به‌دلێری و ئازایه‌تییه‌کی که‌م وێنه‌وه به گژ قشوونی داگیرکه‌راندا چووەوە ولە چەندین شەڕ دژی ڕووسەکان سەرکەوتوانە بەشداری کرد، بۆ نموونە لە شەڕەکانی میاندواو و مهاباد و سنە تا دەگاتە مووسڵ. مامۆستا دواتر بووبە ئەندامی حیزبی (ئیتیحاد و تەڕەقی) کە لە باکووری کوردستان دامەزرابوو و لەو حیزبەشدا زۆر چالاک و هەڵسووڕ بوو هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو که له‌به‌ر لێزانی و لێوه‌شاوه‌یی و که‌سایه‌تییە به‌رزە کۆمهڵایهتیهکەی، نازناوی بابه شێخی له لایه‌ن تێکۆشه‌رانی کورده‌وه پێبه‌خشرا.
بابه شێخ، بوو به سه‌رداری چیای خه‌بات بۆ ئاشتی و ئاوه‌دانی و بوو به ڕووباری بزووتنه‌وه‌ی مافخوازی و متمانه‌ی هه‌موو چین و توێژه‌کانی گه‌ل لە ناوچەی موکریان.
حاجی بابه‌شێخ و چه‌ند سه‌رکرده و سەرۆک هۆزێکی ناوچه‌که وەکوو، پێشەوا قازی محه‌ممه‌د، ئه‌میر ئه‌سعه‌د، قه‌ره‌نی ئاغا، ئه‌مه‌رخان و سه‌یفولقوزات و دەیان کەسایەتیی دیکه، ڕێخراوێک بۆ یارمه‌تیدانی ڕاپه‌ڕینی ئاگری لە باکووری کوردستان، به ناوی ڕێکخراوی خێرخوازانی کورد داده‌مه‌زرێنن وبۆ سەرخستنی ئەو ڕاپەڕینە هاوکارییەکی زۆر کۆدەکەنەوە و پێشکەشیان دەکەن.
حاجی بابه‌شیخ هەرچەند کە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مهاباد، ئەندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک نەبوو، به‌ڵام بەهۆی ئەو کەسایەتییە بەهێزە کۆمەڵایەتییەی کە هەیبووە، دوای دامه‌زرانی حیزبی دیموکڕات و ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە، ده‌بێته سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی و سه‌رۆک وه‌زیرانی کۆماری کوردستان لە مهاباد.
لە ڕۆژی ٨ی به‌فرانباری ساڵی1324ی هه‌تاوی، کاتێکە ئاڵای کۆمار دەبرێ بۆ ئەوەی له بۆکان هەڵکرێ، حاجی بابه‌شێخ و حاجی بایزئاغا لای ڕاست و چه‌پی ئاڵاکه ده‌گرن و بەرەو شوێنی هەڵدانی ئاڵاکە دەیبەن و هەڵی دەدەن.
لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد و گرتنی دامەزرێنەران و پلەدارەکانی ئەوکۆمارە لە لایەن حکوومەتی حەمەڕەزاشای داگیرکەرەوە، حاجی بابەشێخیش وەکوو سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردستان ده‌گیرێ و دادگایی دەکرێ. حاجی بابەشێخ دوای 9 مانگ مانەوەی لە بەندیخانەکانی ته‌ورێز و مه‌هاباد، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن، به‌ڵام دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترسی شۆڕشێکی ئایینی سزاکەی جێبەجێ ناکەن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حاجی بابەشێخ جیا له که‌سایه‌تییه نیشتمانییه‌که‌ی، کەسایەتییەکی ئایینی ناودار و شێخێکی تەریقەتی نەقشبەندی بوو و لایەنگرێکی ئیجگار زۆری هەبوون و لەنێوبردنی بەو هاسانییە نەبووە.
دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بەو سێ مەرجەی خوارەوە لە بەندیخانە ئازادی دەکەن،
یه‌که‌م؛ ده‌بێ له‌گونده‌کانی تورجان و زه‌مبیل و جه‌میان نیشتەجێ ببێ و به‌بێ ئیزنی ده‌وڵه‌ت له‌و گوندانه نەچێتە دەرەوە. دووهه‌م؛ لە کاتە دیاریکراوەکاندا خۆی بناسێنێ بە دەوڵەت و ئیمزا بکا.
سێهه‌م، کاتێکە ئازاد ده‌کرێ، ده‌بێ بڕوا بۆ سەردانی سه‌رله‌شکر هومایوونی، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجی سێهه‌م ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر هه‌موو ژیانم له زینداندا بم، ئاماده‌ی دیدار لەگەڵ هومایوونیی ناپیاو نابم.
لە کۆتایی دا حاجی بابه‌شێخ له ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ساڵی ٢٦٥١ی کوردی بەرانبەربە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی، مۆمی ژیانی ئاخرین بڵێسه‌ی لێدا و ماڵاوایی له‌گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی کرد و له گۆڕستانی شێخ وسووی ئاوایی تورجان به‌خاک سپێردرا.
( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)