بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٣ ئەندامی بنەماڵەیەک گیان لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو مینێکی دژە تانک لە دەوروبەری شاری “مێهران”ی سەربە پارێزگای ئیلام تەقیەوە و کوژرانی ٣ ئەندامی بنەماڵەیەک بەناوەکانی “عەلی عەسکەر مەلەکخەتایی” تەمەن ٣٠ ساڵ، “شازەینەب تاراج”، تەمەن ٥٥ساڵ و ڕۆقیە تاراج” تەمەن ٤٠ ساڵی لێکەوتەوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بەمەبەستی کۆکردنەەی ئاسنەواڵە بۆ ناوچەی “قەڵاویزان” چووبوون بەڵام بەداخەوە گیانیان لەدەست دا.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو شوێنەی کە مینەکەی تێدا تەقیوەتەوە، پێشتر لەلایەن سپای پاسدارانەوە وەک ناوچەی پاککراوە لە مین ڕاگەیەندرابوو.
بە پێی ئامارە تۆمارکراو لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستا، ٦ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ١٠ حاڵەتیان لە شاری مێهران بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” هەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەی هاویندا ٦ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون و بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و برینداربوون گەیشتە ٢٨ کەس.
شایانی باسە سەرچاوە ڕەسمییەکان باس لەوە دەکەن کە پتر لە ١٦ میلیۆن مینی لەکارنەخراو لە کوردستان لە بن عەرزیدا مانەتەوە و ئەوەش مەترسی و دڵەڕاوکێی بەردەوامی لە سەر زۆربەی دانیشتوانی گوند و شارەکانی ناوچە سنوورییەکان دروست کردوە.
جێی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە “پەیمانی ئۆتاوا” ئیمزا بکا. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکا پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکاتەوە.