پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی ، وەڤدێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە سەرپەرشتی ڕێبوار ڕەشید ، هاوسەرۆکی “کەنەکە” سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن بەرێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەیئەتی یاوەرییەوە پێشوازی لێکرا.
لە سەرەتا کۆبوونەوەکە، بەڕێز ڕێبوار ڕەشید هاوسەرۆکی “کەنەکە” وێڕای دەربڕینی هاودەردی و هاوسۆزیی لە گەڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان مەبەستی لە سەردانەکەی تاوتوێ و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا, سەبارەت بە رووداو و لێکەوتەکانی پاش ڕێفڕاندۆمی باشوور و چۆنیەتی پتەوتر کردنەوەی پێوەندیی نێوان لایەنەسیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و هەڵوێستی کۆنگرەی نەتەوەیی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچە خستەروو.
دواتر بەڕێز مستەفامەولوودی، سکرتێری گشتیی حدک وێڕای خوێندنەوەیەکی کورتی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان، لەو بارەوە وتی: هێزەکانی باشووری کوردستان و، خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستان ، بەخەبات و قوربانی بێوچان ، مودێلێکی لە حوکمڕانی کوردییان خستەڕوو ، کە بەداخەوە بە بیانووی ڕێفڕاندۆم بە گەلەکۆمەی وڵاتانی دەوروبەر هەوڵی لە بار بردنی دەسکەوتەکان دەدەن، بەڵام سەرەڕای ئەو خەسارە زۆرە، کورد لە هەرێمی کوردستان ئێستاش کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە و بە هۆی شۆرشگێربوونیەوە و بە یەکڕیزی و تەبایی ، دەتوانێ پێگەی باش بۆ خۆی دەستەبەر بکاتەوە و دەسکەوتەکانی بپاڕێزێ.
بەڕیزمەولوودی لە درێژەی وتەکانیدا ئامادەیی خۆی و حیزبەکەی بۆ پتەوکردنی یەکریزی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حیزبە سەرەکییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان و پاڕاستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کورد، دەربڕی.
لە کۆتاییدا هەردوو لایەن تەئکیدیان لەسەر یەکخستنەوەی یەکڕیزی ناوماڵی کورد و هاوهەڵوێستی و هاودەنگیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان، کردەوە.