سەر لە بەیانی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٤ دیسامبری ٢٠١٧ی زایینی، شاندێکی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە سەرپەرستی “ڕەحمان سەلیمی”، سکرتێری گشتی یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد سەردانی یەکیەتیی قوتابیانی کوردستانیان کردو لە لایەن “نێچیروان کەلاری” بەرپرسی گشتی ڕێکخراوو شاندێکی یاوەری پێشوازییان لێکرا.
لەو دانیشتنە دوو قۆڵییەدا شاندی خانەخوێ بەگەرمی پێشوازی لە یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد کردو لە ماوەی کاتژمێرێک دانیشتندا کۆمەڵێک باسو بابەتی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی خوێندکاری ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.
یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد جەختی لەسەر هاوپێوەندی خەباتیی خوێندکارانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوەو بە ئاوڕدانەوەیەک لە وەرزە هاوبەشەکانی خەباتی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا باسی لە زەرورەتەکانی کاری هاوبەشی خوێندکاران وەک داینامۆی سەرەکی گۆڕانو گەشەپێدان بە بیری نەتەوەخوازیو نیشتمانپارێزی کردەوە.
هەروەها بە چڕی باس لەو بەستێنو مەیدانانەکرا کە زەرفییەتی کاری هاوبەشیان تێداهەیە و دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەریان بڕیاردرا لە داهاتوویەکی نزیکدا بە کردەوە ئیستاڕتی کاری هاوبەش بۆ بەدواداچوون بە دەرهاویشتە نەزەرییەکانی ئەو دانیشتنە لێبدرێ.
یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان وێڕای هێنانە بەرباسی کۆمەڵێک بابەتی دیکەی تایبەت بە خوێندکاران باسی لە گرینگی پێدانی ڕێکخراوەکەیان بە هاوکاری کردنی ڕێكخراوی خوێندکارانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردو ئامادەیی هەرجۆرە هاوکارییەکی بۆ بەهێزکردنی بزاڤی خوێندکاری کوردی نیشاندا.
ئەو بابەتانەی کە هەر لەو کۆبوونەوەدا باسیان لەسەر کرا بریتیبوون لە:
_ ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خوازیاری خوێندنن لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا.
_ بەڕێوەبردنی سێمینارو پانێلی هاوبەشی هزری و نەزەری لەسەر دۆخی هەنووکەیی بزاڤی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
_ گرینگیدان بە دەوڵەمەندکردنی گووتاری نەتەوەیی کوردستان.
ئەو دانیشتنە لە کەشێکی تەواو دۆستانەو بە سووربوون لەسەر جێبەجێ کردنی پێشنیارەکانی نێو کۆبوونەوە کۆتایی پێهات.