ئیداره‌ی ئیتلاعات له شاری مه‌ریوان لانیكه‌م ٤ كه‌سی به تۆمه‌تی سیاسی بێسه‌ر و شوێنه كرد.
به‌پێی ڕاپۆرتی مافی نیوز، دوو ڕۆژ له‌وه‌پێش دوو كه‌سی خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان به ناوه‌كانی ئه‌میر واحیدی و عه‌بدولڕه‌زاق مه‌حموودی به بێ مۆڵه‌تی یاسایی و قه‌زایی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعات ده‌سبه‌سه‌ركراون و بۆ شوێنێكی ناڕوون گواستراونه‌ته‌وه.
كاربه‌ده‌ستانی ئه‌منیه‌تیی ڕێژیم له درێژه‌ی ڕه‌شبگیریی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و دوو كه‌سه‌كشان به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كانی به‌رهه‌ڵسكاری كۆماری ئیسلامی ده‌سبه‌سه‌ر كردووه و تا ئاماده‌كرانی ئه‌و ڕاپۆرته چاره‌نووسیانه ناڕوونه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا و له هه‌واڵێكی دیكه‌دا ڕۆژی ٩ی سه‌رماوه‌رز له ناوچه‌ی مه‌ریوان دوو كه‌سی دیكه‌ش به ناوه‌كانی ئارام نی‌ك پی، خه‌ڵكی ئاوایی نی و ته‌حسین دادره‌س خه‌ڵكی ئاوایی سه‌ردوش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ربه ئیداره‌ی ئیتلاعات له‌و شاره ده‌سبه‌سه‌ركراون.
به قسه‌ی شایه‌تحاڵانی ئه‌و ڕووداوه ته‌حسین دادره‌س پاش ته‌قه لێ‌كردن به برینداری ده‌سبه‌سه‌ری ده‌كه‌ن و ڕه‌وانه‌ی گرتنگه‌كانی ڕێژیم ده‌كرێن و تا ئێستا بنه‌ماڵه‌كانیان له بارودۆخی و شوێنی ڕاگرتنیان بێ خه‌به‌رن.
به‌پێی هێرانا، ڕۆژی ڕابردوو محه‌ممه‌د كه‌ریمی چالاكی كرێكاری كه 5 ساڵ له‌وه‌پێش له‌گه‌ڵ ٤ كه‌سی دیكه ده‌سبه‌سه‌ر و به شێوه‌ی كاتی ئازاد كاربوون ڕۆژی ڕابردوو بۆ كێشانی حوكمی ٣ ساڵ زیندانییه‌كه‌ی بۆ به‌ندیخانه گه‌ڕێندرایه‌وه.
ناوبراو ساڵی ١٣٩١ ده‌سبه‌سه‌ر كرا‌و سه‌ره‌تا حوكمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایه‌وه و پاش بۆ ٣ ساڵ كه‌م كرایه‌وه.











