لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە ئێران، ڕەوتی ئێعدامەكان زیادییان كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژی یەكشەممە ٣ی جۆزەردان، دوو كەس بە تاوانی “كوشتن” لە زیندانی “شەهاب”ی كرمان ئێعدام كراون، هەر لە هەمان ڕۆژدا ٣ كەسی دیكەش لە مەشهەد ئێعدام كراون، بەڵام ناوی هیچ كام لەوان ئاشكرا نەكراوەو ناوەندە ڕەسمییەكانو كاربەدەستانی قەزاییش تائێستا لەم بارەوە هیچ ڕوون كردنەوەیەكیان نەداوە.
شوورای مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندووە لە ڕۆژی ٢٠ی خاكەلێوە تا ٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ٩٨ زیندانی لە ئێران ئێعدام كراون.
بەقسەی ئەم شوورایە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە تاكوو ئێستا، پتر لە ٣٤٠ حوكمی ئێعدام لە ئێران جێبەجی كراوە.
ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، لە مانگی خاكەلێوەی ئەمساڵدا ڕاپۆرتێكی بۆ شوورای مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادە كرد و لەم ڕاپۆرتەدا ئاشکرای کردبوو لە ساڵی ٢٠١٤ دا هەر نەبێ٧٥٣ كەس لە ئێران ئێعدام كراون.