شاعێر و ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری مەشهەد لەسەر بڕیاری دادسەرای گشتی و دادگای شۆڕش لەو شارەدەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەز،”عەلیڕەزا سپاهیلائین” ڕۆژنامەنووس و شاعێری کورد بە هۆی نووسینی بابەتێک لەژێر ناوی “خۆرافات، لە لاڤاو بە هێزترە” لە لایەن دادسەرای شاری مەشهەدەوە بانگهێشت و بە بیانووی ئەوەی کە دوو ڕۆژ دواتر سەردانی دادگای ئەو شارەی کردبوو، لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکی دادگای شاری مەشهەد دسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی “وەکیل ئاوا”ی ئەو شارە کرا.
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بە تۆمەتی”بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕای گشتی” زیندانی کراوە.
شایانی باسە عەلیڕەزا سپاهی کارمەند و دانیشتووی شاری مەشهەد و ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە گوندی سەنگ دیوار لە دایک بووە و تا ئێستا ١٠ کتێبی بە زمانەکانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کردووتەوە.