کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی سەرماوە لە بەرزاییەکانی شاخی کێلەشین گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کوردی بە ناوی “هیوا مستەفەوی” تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی”پوشاوێ” سەربە شاری شنۆ لە بەرزاییەکانی بە هۆی سەرما و سۆڵەوە گیانی لەدەست دا.
تەرمی ناوبراو لەلایەن دانیشتوانی گوندی”میراوێ” دۆزرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.
پێویست بە ئاماژەیە کە زستانی ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٨ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تایبەتی “سەردەشت، پیرانشار و ورمێ” بە هۆی سەرماوە گیانیان لە دەست داوە و لە لایەکی دیکەوە، لوقمان واحیدی، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو، دوو چاو و لاقێکی لەدەست دا. هەروەها ئەم کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداوە دا لە لای ڕوخسار و ناوقەد و ملیەوە زیانی بەرکەوتبوو و هەتا ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکی دایە و لوقمان واحیدی لە شاخی “کانی خوا” تووشی ئەو ڕووداوە هاتبوو.
بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای مانگی ژانوویە هەتا مانگی ئۆکتوبر ١٧٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، هەڵدێران لە چیا، هەرەسی ڕنوو، سەرمابردووی، جەڵتەی دڵ و ڕووداوی هاتووچۆ کوژراو و بریندار بوون.