بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنیی کورد بە دەرکردنی نامەیەکی سەرئاوەڵە لە ڕادەی خزمەتگوزایی و پێڕاگەیشتنەکانی دەوڵەت بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی پارێزگای کرماشان ناڕەزایەتییان دەربڕیوەو لەوبارەوە لە حەسەن روحانی ڕەخنەیان گرتوە و، داواکارن لە سەرۆککۆمار کە گرینگی زیاتر بەو کارەساتە مرۆییەی کرماشان بدرێ.
لە رۆژانی ڕابردوو کە بە هۆی شەپۆلی سەرماو بارانی بەلێزمە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی دەڤەری کرماشان تووشی گرفتی دیکە بوون و ناوەندە پێوەندیدارەکان خۆیان لێی بێساحیب کردووە. هەر ئەمەش بۆ هۆی ئەوەی کە بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد کەمپەینی نارەزایەتی دەربڕین و کۆکردنەوەی واژۆ پێک بهێنن و، پتر لە چوارهەزار و٥٠٠ کەس بە واژۆ کردنی نامەیەک ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی حەسەن ڕوحانی کرد.
لە بەشێک لە نامەی واژۆکراو کە بە “کوردستان و کورد” گەیشتووە هاتووە: بە لەبەرچاو گرتنی هەژاریی و بێکاری و لە ناوچوونی سەرچاوە بژیوییەکانی خەڵکی لێقەوماوی ناوچەی کرماشان تەنیا تەرخان کردنی بڕە پارەیەک بۆ خانوو سازی لە لایەن دەوڵەتەوە بەس نیەو کەمترین کارە کە دەوڵەت دەبێ لە زۆترین کات هەوڵی ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانە بدا.
تەرخان کردنی “وام” نەتەنیا چارەسەری کیشەکان ناکا بەڵکوو لە داهاتوودا ،گرفتێکی دیکە بۆ خەڵکی لێقەوما ساز دەکا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیە کە لایەن سەدان کەس لە هاوڵاتیانی ئێرانی وکوردستانییەوە واژۆ کراوە بە ئاماژەدان بە سەخاوەتی دەوڵەت بۆ خزمەت کردن بە خەڵکی سووریە و لوبنان و عێراق و فەلەستین!! بە سەرۆککۆمار حەسەن روحانی ڕایانگەیاندوە: کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە خەریکی خزمەتگوزارییە کە خەڵکەکەی خۆی پێویستی زیاتریان بە یارمەتی گەیاندنی بێ بەرانبەر هەیە و، ئەمەش بە پێی ئەسڵی ٣١ی یاسای بنەڕەتی مافی هەموو شارۆمەندێکی خەسار لێکەوتووە، کە ببێتە خاوەنی خانوو، هەر بۆیە داواکارین کە دەوڵەتی حەسەن رووحانی لەو بارەوە بەرپرسایەتی زیاتر وە ئەستۆ بگرێ و هەموو توانای دەوڵەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان وەگەڕ بخات.
شایانی باسە لەدوای کارەساتی بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر کە زیانێکی بەرچاو لە دەڤەری کرماشان کەوت، چالاکانی مەدەنیی کوردو کەسانی خێرخواز بە هەموو توانایەکەوە بەهانی خەڵکی لێقەوما چوون و ئەو هەڵمەتە مرۆڤانەش هەروا بەردەوامە ، بەڵام بە هۆی پانتایی زیان و خەسارەکان لە پارێزگای کرماشان چەندین جار لە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان ڕەخنەیان گرتووە.