ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێ دانووستانە ناوكییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بە بنبەست گەیشتووە.
هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی هەوڵە نێودەڵەتییەكان بۆ دەستڕاگەیشتن بە دوایین ڕێككەوتنی ناوكیی لەگەڵ ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندووە كە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكان، یانی هەڵسەنگاندنی ئیدیعاكان لە بابەت چالاكیی ڕێژیمی تاران لە بواری چەكو چۆڵی ناوكی لە ئاژانسەوە، بە تەواوی بە بنبەست گەیشتووە.
لە ڕاپۆرتی نهێنیی ئاژانسدا كە كۆپییەكەی كەوتۆتە بەر دەستی ئاسۆشێتێدپرێس، باس لەوە كراوە كە ئێستاش ڕێژیمی تاران ڕێگری لە لێكۆڵینەوەكانی ئاژانس لەم بوارەدا دەكا.
لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە كە ڕێژیمی ئێران لە مانگی ئووت تا ئێستا سەبارەت بە هەوڵە نوێ و بەكردەوەكان، لە بابەت بەرەوپێشبردنی ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان هیچ پێشنیارێكی نەبووە.
ئەم ئاژانسە هەروەها خوازیاری پشكنینی ئەم سایتانە بووە كە لە بابەت هەوڵی لەم چەشنە بەكاریان هێنابن. بەڵام لە حاڵێكدا كە ئێران و ٦ زلهێزی جیهانی خەریك لە كۆتایی مانگی ژوئەن و ئۆلتیماتۆمی دیاریكراو نزیك دەبنەوە، كاربەدەستانی ئێران دەڵێن كە ڕێگە بە نوێنەرانی ئاژانس نادەن چاویان بەم ناوەندانە بكەوێ.