لە كۆبوونەوەی زانستیی زانکۆی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی تاران ڕاگەیەندرا كە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا، ژنانی ئێران لە پلەی یەكەمی خۆسووتاندن دان.
بەدوای خۆسووتاندنی كچە خوێندكارێك لە زانكۆی ئازادی شیرازو ئەم خۆكووژییانەی كە لەنێو خوێندكاران بە تایبەت خوێندكارانی كچی شارە جۆربەجۆرەكان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا رووی داوە، كۆبوونەوەیەكی زانستی لە زانكۆی زانستە كۆمەلایەتییەكانی تاران پێك هات كە لەودا مامۆستایانی كۆمەڵناسی، تاتوێ خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم دیاردەیەیان كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا دوكتور زەهرا حەزرەتی، مامۆستای كۆمەڵناسی گوتی، زۆربەی حاڵەتەكانی خۆسووتاندن لە ئاسیاو خۆرهەلاتی نێوەڕاست ڕوو دەدەن، لە حاڵێكدا كە لە كۆمەڵگا ڕۆژهەلاتییەكان بەم جۆرە نییەو، لە ڕۆژئاوا بە دەگمەن ڕووداوی لەم چەشنە دەبیندرێ.
حەزرەتی دەڵێ یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە ئاڵوگۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن كە زۆر بە خێرایی ڕوو دەدەن، لەم جۆرە ئاڵوگۆڕانەدا كۆمەڵگا تووشی داڕمان دەبێ. ئێمە لە بواری مادیی فەرهەنگەوە گەشەمان بووە، بەڵام لە حاڵەتی دیكەدا ئەم گەشەیەمان نەبووە. لە ڕواڵەتەكانی ژیاندا گەشەیەكی باشمان بینیوە، بەڵام ئایا بیرکردنەوەی خەڵکیش گۆڕدراون یا ئەوەی كە ئێستاش هەر بە شێوەی چەند سەدە لەوە پێش بیر دەكەینەوە؟
ئەم كۆمەڵناسە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، سەدی ٤٠ی ئەم خۆكووژییانە لە ڕێگەی خۆسووتاندن بووە كە ئەم ئامارەش بەڕاستی جێگای نیگەرانییە. هەرچەند لە وڵاتانی گەشە نەكردوودا ئامار خۆكوشتن لە سەرێیەو ئێران لەم بەینەدا لە پلەی ٣٩دا جێی گرتووە، بەڵام خۆكوشتنی ژنانی ئێرانی لە پلەی یەكەمی خۆرهەلاتی نێوەڕاست دایە، هەروەها ئێران سێهەمین وڵاتی جیهانیشە كە لەودا ئاماری خۆكوژی زۆر بە خێرایی ڕوو لە زیاد بوونە.
هەر لەم پێوەندییەدا، دوكتور عالیە شوكربەیگی، مامۆستای زانكۆو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵناسانی ئێران وێڕای ئاماژە بەوەی كە زۆر بە وردی تاوتوێی خۆكوشتن لە نیزامێكی پیاوسالاردا دەكرێ كە ئاماری خۆكووژییەكانیش ڕاناگەیەندرێنو تەنانەت ڕاگەیەنەكانیش ئاوڕێكی ئەوتۆ لەم مەسەلە نادەنەوە و هیچ ڕێگاچارەیەك پێشنیار ناكەن. لەم بارودۆخەدا ئەركی كۆمەڵناسان ئەوەیە كە زۆر بە وردی تاوتوێی ئەم مەسەلانە بكەن.