قوتبەدین سادقی وێڕای دانە بەر ڕەخنەی كاربەدەستانی سەردەشت دەڵێ، ئەوان هیچ هەوڵێك بۆ چالاكییە هونەرییەكان لە بابەت ڕێزلێنان لە یادی قوربانییانی بۆمبارانی شیمیایی ئەم شارە نادەن.
ناوبراو دەڵێ ئامادەیە لە ساڵیادی بۆمبارانی شیمیای سەردەشتدا شانۆنامەی “بی تو بهتر” بەڕێوە ببا، بەڵام ئێستا ڕەخنەی لە كاربەدەستانی شاری سەردەشت سەبارەت بە بەدوادانەچوونی ئەم بابەتە هەیە.
قوتبەدین سادقی لە بابەت ورەكارییەكانی ئەم شانۆنامەیە گوتی شاری سەردەشت تەنیا شارێكە كە لە ماوەی٨ ساڵ شەڕدا بە تەواوی بۆمبارانی شیمیای كرا، من لەم شارەدا لاوێكم بینی كە پتر لە ٦ ساڵ وەك لە خاچ درابێ، پشتی بەدیوارەوە دەنا و دەخەوت. چونكی ئەگەر وەك هەموو خەڵك لەسەر زەوی خەوتبا، سیپەلاكەكانی پڕ دەبوون لە ئاو. شانۆی من لە بارەی پیاوە لەخاچ دراوەکەی شاری سەردەشتە.
ناوبراو لە درێژەدا گوتوویەتی، ئەم پێشنیارەی من لەگەڵ پێشوازیی ئەنجومەنی بەرگری لە بریندارانی شیمیایی شاری سەردەشت و نوێنەری ئەم شارە بەرەوڕوو بۆوە، بەڵام لەم كاتەوە كە ئەم پێشنیارەم كردووە تا ئێستاش، هیچ كام لە بەرپرسانی سەردەشت وەدوای ئەم مەسەلە نەكەوتوون.
ئەم دەرهێنەرە بەناوبانگە كوردە دەڵێ لە حاڵێكدا كە كاتی دابین كردنی ئیمكانات بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیە لە دەست دەرچووە، بەڵام كاربەدەستانی سەردەشتیش هیچ خەمێكی لێ ناخۆن، من بەڕاستی نازانم كاربەدەستانی سەردەشت ئەم مەسەلەیان بۆ گرینگ نییە یان نایانهەوی ئەم شانۆیە بەڕێوە بچێ.
شایانی باسە قوتبەدین سادقی نووسرە، دەرهێنەر، توێژەر و مامۆستای زانكۆ و خاوەنی بڕوانامەی دوكتورای هونەرە شانۆییەكانی زانكۆی سوربێنی پاریسە.