دەسرێژی هیزەکانی ڕێژیم لە سەرنشینانی ماشێنێک لە ناوچەی شنۆ، کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە
شەوی سێشەمە لە سەر چوارشەمە ، ٥ لە سەر ٦ی جۆزەردان لە ناوچەی نەڵۆسی شنۆ و لە سێڕێیانی نەڵۆس- چەپەراوێ، چەند لاوی خەڵکی شنۆ دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزە کانی سوپای پاسداران.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بە کوردستانوکورد گەیشتوون، بە هۆی دەسڕێژی هێزەکانی ڕێژیم ، لاوێک بە ناوی رێبوار مەولوودیپوور کوڕی سولەیمان خەمیس، گیانی لە دەست داوە و تەرمەکەی کەوتوەتە دەست هێزەکانی سوپای پاسداران. دوو لاویش بە ناوەکانی حەسەنو بەهمەن قوربانی کە برا بوون، لە لایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە گیراون.
بهپێی ئهو ڕاپۆرته حەسەن لەو دەسڕێژەی هیزەکانی سوپای پاسداران دا بریندار بووە و بە برینداری گیراوە. بەو جۆرەی زانیارییەکان دەری دەخەن دەبێ ئەو چەند کەسە لە گەڵ دوو کەسی دیکە لە ماشێنێکی سەواری دا بووبن کە کەوتوونە بەردەسڕێژ. شۆفیری ماشێنەکەو کەسی پێنجەم توانیویانە لە شوێنی ڕووداوەکە دوور بکەونەوە.
سەرچاوەیەک بە کوردستانوکوردی راگەیاند کە تەرمی کوژراوەکە بۆ ورمێ ڕاگوێزراوە و لە لایەن دامودەزگای ئەمنییەتییەوە، بە دایکو بابی قوربانییەکە گوتراوە کە نابێ تەرمی کوڕەکەیان بەرنەوە شنۆ و دەبێ هەر لە ورمێ بە خاکی بسپێرن. شایانی باسه ئەگەر چی هێندێک لە زانیارییەکان باسیان لە تیکهەڵچوونی دوولایەنە (لە نیوان ئەو چەند کەسەو هیزەکانی ڕیژیم) دەکەن، بەڵام سەرچاوەکانی کوردستانو کورد، ئەم زانیارییەیان پشتڕاست نەکردەوە.