چارەنووسی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری سنە، زیاتر لە یەک ساڵە ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، حەیدەر قوربانی کوڕی عەلی زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامیاران لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ماوەی ١٣ مانگە چارەنووسی ناڕوونە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە و هیچ حوکمێکی بۆ نەبڕاوەتەوە و پەورەندەکەی ڕەوتی ئاسایی خۆی نەپێواوە و هەروەها مۆڵەتی گرتنی پارێزەریشیان پێ نەداوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی “تیرۆر” دەسبەسەر کردووە.
شایانی باسە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٥دا، تلویزیۆنی “پرێس تی وی” بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک بە ناوی “رانندە مرگ” دانپێدانانی زۆرەملێی لەو زیندانییە بڵاو کردووەتەوە.