سەرتیپ ئەحمەدڕەزا پووردەستان، فەرماندەی هێزی وشكایی ئەرتەشی كۆماری ئیسلامیی ئێران عەرەبستانی سەبارەت بە هێرشكردنەسەر وڵاتی یەمەن وریا كردەوەو گوتی عەرەبستان لەم دەستێوەردانەدا شكست دێنێ.
سەرتیپ پووردەستان ڕۆژی یەكشەممە لە كۆنفرانسێكی خهبهریدا گوتی، هێشتا تاكە فیشەكێك بە ئەرتەشی عەرەبستانەوە نەنراوە بەڵام ئێمە شكست لە چاوی ئەرتەشی عەرەبستاندا دەبینین.
نوێنەرێكی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران باسی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری حەجی عومرە كردو گوتی زیارەتكەرانی ئێمە لەم وڵاتە ئەمنیەتیان نابێ.
غوڵامڕەزا كاتب، نوێنەری شاری گەرمسار بە هەواڵدەریی خانەی میللەتی ڕاگەیاند كە دەبێ لە قەپۆزی عەرەبستان بدەین و وریای كردەوە كە مەجلیسی ئێران لە بەرامبەر ئەم بێڕێزییەی كە بە خەڵك كرا بێدەنگ نابین.
هێرشی بەرەی عەرەبی بە ڕێبەریی عەرەبستان سەبارەت بە هەڵوێستی شێوەنیزامیانی حوسی لە یەمەن كە ئێران پشتیوانیان دەكا پێوەندیی نێوان ئێران و عەرەبستان بە شێوەیەكی بێ وێنە گرژ و ئاڵۆز كرد.
لە لایەكی دیكەوە عەرەبستان پێشنیاری ئێران لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەكان بۆسەر یەمەن ڕەد كردەوە.
شایانی باسە كە عەلی خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی عەرەبستان بۆسەر وڵاتی یەمەنی وەك هێرشی ئیسراییل بۆسەر غەززە زانی و بە جینایەت و ژینۆساید زانی.