ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٧ی نۆڤامبری ٢٠١٧ی زایینی، شاخەوانی خۆشەویست و ناسراوی شاری مەهاباد، بەناوی سەعید مەحموودی لە کاتی سەرکەوتنی بۆ سەر چیای قەڵای سارم لە ناوچەی مەهاباد، بە هۆی وەستانی دڵی، گیان لە دەست دا و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
سەعید مەحموودی یەکێک لەو مرۆڤە خۆشەویست و ناسراوانەی شاری مەهاباد بوو کە بە درێژایی تەمەنی، خۆی و بنەماڵەکەی دڵسۆزی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون.
ناوبراو لە زۆربەی کارە خێرخوازی و ژینگە پارێزەکانی شاردا لە ڕێزی پێشەوە دا بوو و زۆر سەخاوەتمەندانە هەوڵی ئاوەدانی شار و پاراستنی ژینگە و سرووشتی کوردستانی دەدا.
بنەماڵەی کاک سەعید لەڕیزی ئەو بنەماڵە شۆڕشگێڕانەی شاری مەهاباد دا بوون کە هەر لە سەرتای سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداری دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران، دوو کوڕی ئەو بنەماڵە بە ناوەکانی حەسەن مەحموودی ناسراو بە مامۆستا حەسەن ئەهوەن و سامڕەند مەحموودی، تەڤلی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون و چەندین ساڵ لە سەنگەرەکانی خەبات دژ بە داگیرکەرانی کوردستان لە بەشە جیاوازەکان دا وەک دوو کادری شارەزا و زانا تێکۆشان و تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ لە ڕیزی خەباتکارانی ڕێی ئازادی دان.
ناوەندی هەواڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هۆی کۆچی کاک سەعید مەحمودی،یەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو بەڕێزە دەکا ، بە تایبەتی لە هاوڕێیانی ئازیزمان حەسەن ئەهوەن و سامڕەند مەحموودی دەکاو خۆی لە خەمیاندا بە شەریک دەزانێ.











