بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی ڕەبەتی سەردەشتەوە بە دەستمان گەیشتوە ، رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز حەسەن ئیبراهیمیان ناسراو بە مام حەسەن مێونە، یەکێک لە خەمخۆران و کەسانی نیشتمانپەروەر لە ناوچەی ڕەبەتی سەردەشت دوای تەمەنێک ژیانی سەرفەرازانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام حەسەن لە قوناخە جیاجیاکانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان ئەوەی لە دەست هاتبێ وەکوو خزمەت بە گەل و حیزبی دێموکرات دەریغی نەکردووە.
ناوبراو بە گوێرەی قسەی ناسیاوانی بە خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە ساڵەکانی شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوییەوە تا کاتی هێرش کردن بۆ سەر کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە لەسەروبەندی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، بە هەموو توانایەک لە خەباتکارانی دێموکرات پشتیوانی کردوەو، بە کەسێکی دڵسۆزو لەخۆبردوو ناسراو بوو.
شیاوی باسە ئەو بنەماڵەیە لە پێناوی سەرخستنی گەلی کورد، چوار شەهیدیان پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
شایانی باسە مام حەسەن مێونەی هەموو کات ماڵ و ژیانی پەناو داڵدەی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووەو تا دوایین هەناسە بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانەوە ژیانی بە سەر برد.
جێی ئاماژەیە مام حەسەن مێونە، باوکی مەریەم ئیبراهیمیان یەکێک لە ژنانی تێکۆشەر نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و هاوسەری کاک ئەحمەد مەكڵاوەییە کە یەکێک لە پێشمەرگەو کادرە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و پێزانین بۆ خزمەتەکانی ئەو مرۆڤە خەمخۆرە، سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بەسەرجەم بنەماڵەو کەسوکاری خواڵێخۆشبوو مام حەسەن مێونەی دەکا و، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریکەخەم دەزانێ.
گیانی شاد و، سڵامەتی و تەندروستی بۆ بنەماڵەو کەسوکاری.











