بە گوێرەی هەواڵێک کە بە دەستمان گەشتووە، نووری کەریمی، ناسراو بە نۆری بەگی گەرماو، خەڵکی گوندی گەرماوی ناوچەی سوورکێوی بانە، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد
نووری کەریمی یەکێک لە تێکۆشەرە دێرین و خۆشناوەکانی حیزبی دیموکرات بوو لە بناری سوورکێوی ناوچەی بانە. کە هەم سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی و هەم لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا لە ڕیزی خەباتکارانی گەلەکەماندا بۆ بەدەست هێنانی مافی زەوتکراوی کورد تێکۆشا.
ناوبراو سەردەمی حکومەتی پاشایەتی، چەند جارێک کەوتە بەر لێپرسینەوەی ناوەندە ئەمنییەکان و تەنانەت بۆ پاراستنی گیانی چووە باشووری کوردستان.
نووری کەریمی لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشكرا بوونی خەباتی نوێی حیزبی دیموکراتی کوردستان، چەکی پێشمەرگایەتی کرد شان. و ماوەی پێشمەرگایەتیدامرۆڤێکی بەدەستو برد و، کادرێکی کۆمەڵایەتی لێزان و شارەزا بوو.
پاش هێرشی هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامی و گیرانەوەی گوندەکەیان، نووری کەریمی ٣ جار و بە گشتی ماوەی ٥ ساڵ لە سەرە بیروباوەڕەکەی گیرا و خرایە بەندیخانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە و تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بوو و هەموو مڵک و ماڵی لە گوندی گەرما و ٢ خانوو،یشی لە ناو شاری بانە لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕژیمەوە دەستی بە سەردا گیرا، هەر بۆیە پاش دوایین جاری ئازاد کرانی لە زیندان، ڕووی کردە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو.
سەرئەنجام لە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی دا بەناچار رووی کردە هەندەران و لە وڵاتی سوید گیرسایەوە. لە ماوەی ئەو چەند سالەشدا کە لە سوید بوو، وەک ئەندامێکی چالاک لە گشت بۆنە و ڕێوڕەسم و کۆبوونەوە و کۆنفڕانسە حیزبییەکاندا بەشداری دەکرد.
ئەو تێکۆشەرە ماندوویینەناسە شەوی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی نوڤامبری ٢٠١٧ی زایینی لە شاری سلێمانی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵ ئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد. تەرمی نووری کەریمی لە ناو خەم و پەژارەی خزم و کەسو هاوڕێیانیدا لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاکی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە بۆنەی کۆچیدوایی هاوڕێ نووری کەریمی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەموو خەڵکی ئەمەگناسی ناوچەی بناری سوورکێو دەکاو، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ.











