یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەو لە گەڵ توندوتیژی دژی ژنان، سیمینارێکی بۆ سێ کەس لە ژنانی تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوەکانی؛ موژگان عەلیپوور، گەلاوێژ پەیرەوان و نەسرین یووسفزادە بەڕێوەبرد.
پێشنیوڕۆی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەز بە دەسپێشخەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سیمینارێک تایبەت بەو بۆنە جیهانییە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ژنانی تێکۆشەر نێو ڕیزەکانی حیزب لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی حدک بەڕێوەچوو.
سەرەتا تریفە فاتحی بەڕێوەبەری ئەو سیمینارە پەیامی هاوخەمیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی سەبارەت بە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان ڕاگەیاند و بۆ ڕێزگرتن لە یاد وناوی قوربانیانی ئەو کارەساتەو سەرجەم ژنانی گیانبەختکردووی ڕێگەی ئازادیی کوردستان ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.
پاشان شلێرمەحموودی جێگر سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی پەیامی ئەو یەکیەتییەی کە بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر ئامادە کرابوو خوێندەوە.
لە بەشێک لە پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ژنان لە ئێران بە گشتی و، بە تایبەتی لە کوردستان کۆمەڵێک خالی گرینگی سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی توندوتیژی دژی ژنان و بەتایبەتی ڕێگاچارەکان بۆ کەمکردنەوەو، سڕینەوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە ئاماژەی پێدرابوو.
دواتر موژگان عەلیپوور یەکەم پانێلی لە ژێرناوی گرینگی وشیاری تاک بۆ نەهیشتی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەبرد.
عەلیپوور لە درێژەی باسەکەیدا پەڕژایە سەر هۆکار و بەستینی هەبوونی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەکان و، لەو بارەوە دەورو رۆلی پەروەردەی گرینگ زانی و وتی: ڕاوەستانی ڕەگەزەکان بەرانبەر بە یەک لە کۆمەڵگە وهەرچەشنە توندوتیژی بە تایبەتی دژی ژنان دیاردەیەکی بەرچاوەو ئەرکی بنەماڵە و ناوەندەکانی پەروەدەی بۆ سڕینەوەی توندوتیژییەکان و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ بە شتێکی بنەڕەتی لە قەڵەم دا.
ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان موژگان عەلیپوور، لە کۆتایی قسەکانیدا کاریگەریی سوسیال میدیای لەو بارەوە بەسەر دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان باس کرد و چارەسەری ئەو گرفتەی بە تێکۆشانی فیکری و فەرهەنگی هەموو لایەک گرێداو، لەو پێوەندییەدا هاتنە مەیدانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە بوارە جیاجیاکان بەبایەخ و داهاتوودار زانی.
لە پانێلی دوویەم گەلاوێژ پەیرەوان کادری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەژێرناوی توندوتیژی سیکسی لە گەڵ ژنان لە شوێنی کارو دەوامدا، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
گەلاوێژ پەیرەوان بە پشتبەستن بە ئامارە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە ڕێژەی توندوتیژی سیکسی دژی ژنان و منداڵان بەتایبەتی لە شوێنی کاری ژنان و تەنانەت لە هێندێک لە ناوندەکانی ڕاهێنان لە ئێران، باسی لە مەترسیداربوونی ئەو دیاردەیە کرد و لەوبارەوە ئاگاهی و وشیاری تاک و کۆمەڵگەی بۆ ڕووبەڕووبەروبوونەوە بە پێویست زانی.
گەلاوێژ پەیرەوان لە دریژەی قسەکانیدا وتی: بە هۆی نەبوونی ئەمنیەتی کاری، رێژەی بێکاری کچان وژنان لە ئێران و کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ پیاوان بەرزترەو، بەشێک لە بنەماڵەکان بەو هۆیەوە رێگەنادەن ژنان بە کار کردن، سەربەخۆیی ئابوورییان هەبێ و نەبوونی سەربەخۆیی ئابووریش ، خەسار وزیانی دیکەی لێیدەکەوێتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییی قسەکانیدا ،خەمۆکی و تەنانەت پەنا بردن بۆ خۆکوشتنی لە نێو ژنانی زۆرجار بەرهەمی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان ناوبردو چەندین نموونەی لەو بارەوە باس کرد.
لە پانێلی سێیەم نەسرین یووسفزادە کۆڕگێڕی دیکە، باسێکی لە ژێر ناوی ئازار و ئەزیەت و جیاوازی ڕەگەزی لە نێو بنەماڵە سونەتییەکاندا بەڕێوەبرد.
ناوبراو بە باس کردن لە شیوەی پەروەردە لە نێو بنەماڵە سونەتییەکاندا، ژنان و منداڵی لەوبارەوە بە قوربانیانی بێڕێزی کردن و جنێو و لێدان زانی، کە لە درێژخایەن کاریگەریی نەرینی و نگەتیڤ لەسەر ڕەوان و دەروونی ئەوان دادەنێ و تەمبێ کردنی منداڵان بەتایبەتی کچان بە پێی نەریەتی بنەماڵە سونەتییەکان دەبێتە هۆی لە ناوبردنی متمانە بەخۆکردن و، دەستەمۆ بوونیان لە هەمبەر هەرچەشنە توندوتیژی لە داهاتوودا.
نەسیرین یووسفزادە لە بەشێکی دیکەی باسەکەی، بە خستنەرووی ماددە دەستورییەکانی یاسای بنەڕەتیی ئێران کە پێوەندی بە ژنانەوە هەیە ، هەڵاواردن و جیاوزایی یاسایی نێوان و ژنان و پیاوانی لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە خەسارێکی گەورە لەقەڵەمدا.
ناوبراو کۆمەڵێک کەلتووری نارەواو و چەقبەستوویی فیکری لە بنەماڵە و کۆمەڵگە سونەتییەکان بە کێشەیەکی گەورەی سەر ڕێیژنانی زانی بۆ گەیشتن بە ئازادییە تاکەکەسییەکان و گەشە نەکردنی کۆمەڵگە لە بواری جێخستنی مافە ڕەوا و مرۆییەکان.
ئەو سیمینارە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ژنان و تێکۆشەرانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات دوای ٢ کاتژمێر کۆتایی پێهات.