کادرێکی هەڵسووڕو بەوەجی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستدا.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٦ ی جۆزەردان ئیسماعیل بامرادی، ناسراو بە مەلا سمایل، کادری لەمێژینەو هەڵسووڕی حیزبی دێموکڕات بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە نێوشاری کۆیە گیانی لە دەستدا و لە نێو ئاپۆرای هاوسەنگەرانیداو لە کۆڕی هاوڕێیانی پێشمەرگەی لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاک سپێردرا.
لە ڕێورەسمی پرسەو سەرەخۆشیی مەلا سمایلدا کە بەبەشداریی سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو، مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بە کورتی لەسەر خەبات و قۆناغەکانی ژیانی مسەلا سمایل بۆ بەشداران دوا.
مستەفا مەولوودی لە قسەکانیدا بە ڕێزەوە باسی لە ئەرک وەخۆگریو هەست بە بەرپرسایەتیی خوالێخۆشبوو مەلا سمایل لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیی حیزبییدا کردو یادو بیرەوەریی ئەوی بەرز ڕاگرت.
مەلا سمایل ساڵی ١٣٤٨ ی هەتاوی لە گوندی “گولەک”ی پیرانشار لە دایک بوو. ساڵی ٦٣ و لە تەمنی ١٥ ساڵیدا هاتۆتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەدا بەشداری کردوە.
مەلا سمایل کادرێکی لێهاتووی حیزبی دێموکڕات بوو کە لە ماوەی پتر لە ٣٠ ساڵ ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە زۆر ئۆڕگانەکانی هێزی شەهید مینەشەم، کۆمیتە شارستانی ڕەبەت، فێرگەی سیاسیی نیزامیی حیزب، مەڵبەندی سپیسەنگ، ناوەندی ٢ ی کوردستانو بەشی قەزایی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتیو ئەرکوەخۆگری تێکۆشانی حیزبیی بووەو جارێکیش لە شەڕدا بریندار بووە..
مەلا سمایل بەهۆی دڵسۆزی، لێهاتووییو ئەرک وەخۆگری سێ جار لەلایەن ئۆڕگانەکانی سەرووی حیزبییەوە تەشویق کراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری خوالێخۆشبوو مەلاسمایل بامرادی دەکاو خۆی لە پەژارەی لە دەستدانی ئەو کادرە بەوەجەی حیزب لە گەڵ بنەماڵەو کەسوکاری بە شەریکە خەم دەزانێ.