جێفت ڕاتكە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا دەڵێ، كە ئامریكا بەدوای درێژكردنەوەی وتووێژی ناوكی لەگەڵ ئێران دوای مۆڵەتی دیاریكراو بە واتایەكی دیكە پاش ١٠ی پووشپەڕ نین.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، ناوبراو گوتویەتی ئامریكا لەسەر ئەم بڕوایەیە لایەنی ١+٥ لەگەڵ ئێران دەتوانن لە مۆڵەتی دیاریكراودا بە ڕێككەوتنی كۆتایی بگەن.
قسەكانی ئەم كاربەدەستەی ئامریكا لە كاردانەوە بە قسەكانی ڕۆژی چوارشەممەی عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری كاروباری دەرەوەی ئێران بوو كە گوتبووی، وتووێژەکان تا مۆڵەتی١٠ی پووشپەڕ درێژەی دەبێ و لەوانەیە تەنانەت زیاتر لەوەش كاتی بوێ. عێڕاقچی گوتبووی ئێمە بابەتەکانمان بە كات و زەمەن نەبەستۆتەوە، بەڵكوو ڕێككەوتنێکی باش ئامانجی ئێمەیە ئەگەر زەمەنێكی زۆریش بەرێ.
لە لایەكی دیكەوە ژرار ئارۆ، باڵوێزی فەرانسە لە واشنگتۆن گوتبووی كە شیمانەی ئەوە هەیە كە لایەنەكان سەركەوتوو نابن لە ماوەی ٥ حەوتووی داهاتوو و تەنانەت پاش ئەوەش بە ڕێككەوتنی كۆتایی بگەن.