دەڵێ: ناوم «کەتانە»یە، خەڵکی «کووئیک»م. لە نەخۆشخانەی لوقمانی حەکیمی تاران چارەسەرمان بۆ کردوە، ئەو ماوەیە کەمتر لە کەرەج نەخۆشم چارەسەر کردوە. کەس نییە بێت بیباتەوە. لەسەر چەناگەی خاڵێکی کوتاوە دەڵێی فڕۆکەیەکە کەوا خەریکی بەردانەوەی بۆمبە. فەقیرە هیچ فارسی نازانێ، تەنیا بە کوردی قسە دەکا. خوێندەواریی نییە. هیچ ژمارە تەلەفۆنێکیشی لەبەر نییە. دەڵێ: حەوت کچم هەیە، چواریان شوویان کردووە، مێردەکەشم لەمێژ ساڵە مردووە؛ کوڕیشی نییە.
جلێکی کوردیی لەشێوەی جلی کوردیی خەڵکی موکریانی لەبەردایە، بەڵام دەڵێ: خۆم لەکم و، مێردەکەشم سۆرانی بووە. ئا.. ببوورە خۆ تۆ ئەم شتانە نازانی، بۆخۆشم نەمدەزانی وەرگێڕەکەمان ئەم زانیارییانەی پێداوم. تا ئێستا کەس سۆراغی نەکردوە. ئێمەش بۆخۆمان ناتوانین هەستین بیبەین و ئەو هەموو شار و گوندە خاپووربووەی کرماشانی لەگەڵ بگەڕێین تا بنەماڵەکەی بدۆزێتەوە. چونکە خۆی کە نەخشەی بۆ لەبەر دەمی دادەنێین لێی تێناگا و، ئێمەش هەرچی دەکەین ناتوانین ناوی گوندەکەیان لەسەر نەخشە ببینینەوە. کاتێکیش دەڵێین وەسفی شوێنی ژیانی خۆتمان بۆ بکە، دەڵێی شێعر دەڵێ، هەر باسی گوڵ و بوولبول و شاخ و باغ و بێستانی جوان و بۆن خۆشمان بۆ دەکا. وسفەکانی شوێنێکی دیاریکراو ناگرێتەوە، وەرگێڕەکەمان دەڵێ ئەوشتانەی کەتانە خانم دەیڵێ هەموو کوردستان دەگرێتەوە. ڕاستییەکەی ئەمن بۆخۆم قەت نەچوومەتە ئەو ناوچەیە، بۆخۆت دەزانی مەبەستم چییە ئیدی! حەز ناکەم کەس گوێی لە دەنگم بێ! ڕەنگی چاوی قاوەییەکی تایبەتە، نا نا دەتوانین بڵێین هەنگوینییەکی مەیلەو پرتەقاڵییە. پێشتر ڕەنگی چاوی وام نەدیتبوو. بۆ ژنێکی بەساڵاچووی ئاوا سەیرە نوێژ ناکا. کە لێشی دەپرسین چ دینێکت هەیە ترس دایدەگرێ و وەڵام ناداتەوە. نازانین چی لێ بکەین.
هەر ڕۆژی یەکەم هەستاوە سەرپێ، کە هێنایان بەتەمای مانی نەبووین؛ بەڵام نازانم بە کوێدا ئاوا گورج بووەوە؟ خۆ دەنا چارەسەرێکی واشمان بۆ نەکرد! ناوی کچەکانی زۆر خۆشن، قەتت ناوی وا نەبیستووە، هەمووم نووسیون، بەو جۆرەی خۆی دەریاندەبڕێ، هەر ئاواشم لەبەر کردوون. کە هاتمەوە لە نێویاندا، ناوێکی خۆش بۆ کچەکەمان هەڵدەبژێرین. دەتوانین ناوەکانی دیکەش بۆ خزمان دانێین… نا کچێ ناوی مردووی چی، بڵێ خودا نەکا! تۆ لەوە گەڕێ جارێ! سەرەڕای ئەوەی وەرگێڕەکەمان باش لە زمانی تێدەگا، هێشتاش زۆر جار باسی هێندێک شت دەکا کەسمان نازانین دەڵێ چی، دەڵێی لە مێڕڕیخ یان کۆرەیەکی دیکەڕا هاتووە. وەڵڵاهی خۆ هەقیشتە، بەوجۆرەی لەم ماوەیەدا کەس لێی نەپرسیوە، پێدەچێ کەسی ڕزگاری نەبووبێ. هیوادارم وا نەبێ. بەڵام دەزانی، هیچ دڵیشم بەوە خۆش نییە کەسێک سۆراغی بکا، ئاخر کاناڵی ڕاگەیاندنی پێوەندیدار بە بوومەلەرزەکە نەماوە وێنە و ناونیشانیمان لێ بڵاو نەکردبێتەوە. هەر لە کاناڵە تێلێگڕامەکەی خۆمدا وێنەکەی زیاتر لە پازدە هەزار جار بینراوە. پێم وابێ بانگیان کردم، دەڕۆم و دێمەوە. دوایی زەنگت بۆ لێ دەدەمەوە، ڕاوەستە تازە با ئەم شتە سەیرەشت پێ بڵێم، شۆرەتی خۆی نازانێ، دەڵێ: «شۆرەت چییە!؟»
( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)