ئەم ڕۆژانە پارچەیەکی دیکەی جەرگم وەبەر تیغی تیژی ناعەداڵەتی کەوت و برینێکی قورسی هەڵگرت. ئەم ڕۆژانە باخچەیەکی دیکەی باغی بەرینی نیشتمانم وەبەر ڕەشەبای نەهامەتی کەوت و داروبەردی پێک دادرا. وا ئەمجاریش کوندی شوومی وێرانی ڕووی دە شاروگوندی کوردستان کرد و بانگی ڕووخان و ماڵوێرانیی خوێند. هەمدیسان لەشی کوردی بێ ئەنوا وەبەر قامچیی ئێشهەڵگری زەمانە کەوت و ئازای بەدەنی شەقار شەقار بوو. ئەمجاریش برینی قەتماغەبەستووی لەشی وڵاتەکەم سەری هەڵدایەوە و خەم و فرمێسک و حەسرەت بەربینگی پێ گرتینەوە.
بوومەلەرزەی بەشی خوارووی نیشتمان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارەساتێکی بەتەواو مانا بوو. بەڵایەک بوو هات و سەروماڵی بەشێکی زۆر لە خوشک و برایانمانی بەتاڵان برد. ئەو لافاوی مەرگە کۆرپەی لەباوەشی دایک ئەستاند، خوشک و برای لێک کردن، ژن و مێردی بە جووتە دەچاڵی مەرگ هاویشت، قوتابیی لە دەرس و مەلای لەمزگەوت کرد. جووتێری لە زەوی ئەستاند و کۆڵبەری خستە ژێر بارێکی وەها قورس کە نەتوانێ هەستێتەوە. ئەو هەردهەژێنە ماڵی هەژارانی تێک تەپاند، ئەوانی بێ سەرپەنا کرد و ئەو کەمە ژیانەشی پێ ڕەوا نەدیتن کە بە شەونخوونی وەسەریەکیان نابوو. ڕێگاوبانی لێ بەستن، باغ و باغاتی لێ شێواندن و ئەوەی هەیان بوو لێی کردنەوە هیچ. لەڕاستیدا ئەوە ماڵوێرانی و نەهامەتی و مەرگەسات بوو کە بەسەر کورد هات.
ئەم هەردهەژێنەی لەشی زۆرانی وەبەر چەقۆی تیژی مەرگ دا و گەلێک مرۆڤی بێ ئەنوای لەژیان و خۆشی کرد، هەستی هەموومانی هەژاند، ڕای تڵەکاندین و دڵەکوتەیەکی سەختی خستە نێو ویژدانمان. ڕاستە کەس، غەیری ئەوخەڵکەی کەوتوونەتە ژێر شاڵاوی بوومەلەرزە و پێوەی دەناڵێنن ناتوانێ هەست بە هەموو ئازارەکانی بکا و تەزووی ئەو نەهامەتییە وەک درێشوو دەجەستەی ڕاچێ، بەڵام وابزانم هەموومانی بریندار کرد و تێی گەیاندین هەر خۆمان دەبێ پشت و پەنای خۆمان بین. پێی گوتین وەخۆ بێێنەوە و بیرێک لەحاڵی زارمان بکەینەوە. وەخەبەری هێناین تووشی خەوە بەردینە نەبین و وشیاری کردینەوە بیرو کردەوەمان بۆخۆمان بێ.
ئای لەو شەپۆلی هاودەردی و هاوخەمی و هاوپێوەندییە کە نموونەی بە کەمی دیتراوە. ئای لەو هیممەتەی خەڵکی ڕۆژهەڵات نواندیان و وەی لەو بەرنامە جوانەی بۆ بە هاناوە چوونی لێقەوماوان لەخۆیان نیشان دا. ئەگەر ڕێخستن مانای هەبێ ئەوەیە. ئەگەر ڕاپەڕین لە قامووسی خەباتدا مانای مابێ هەر لێرە بەدیمان کرد. ئەگەر ڕووحی هاوکاری، هاودڵی، هاوزمانی و هاوهەنگاوی بە مانای تەواوی خۆی بەدی بکرێ هەر لێرە بەدی کرا. کودی ڕۆژهەڵات ئەمجاریش وەک زۆر جاری دیکە دەریان خست حەزیان لەیەکڕیزییە. تەبایی و برایەتییان پێ خۆشە. بیریان لەلای یەکە و دەگەڵ ئازارەکانی یەکتر بە زەویدا ڕۆ دەچن و دەگەڵ خۆشییەکانی یەکتریش گەزبەگەز باڵا دەکەن. ئەوان لەو ڕۆژە سەختانەدا ماندوو بوونیان نەناسی، هەستیان بە برسیەتی نەکرد، کار و ژیانیان وەلا نا. هەموو وێکڕا و قۆڵ دەقۆڵی یەک نەزمێکی پڕ ئاهەنگیان وەڕێ خست و نمایشێکیان هێنایە سەر پەردە کە پێی دەڵێن هاوکاری. ئای چەندە جوانە ئەو سەفی سەدان ماشێنەی بە باری پڕەوە پێچی جادەکان دەبڕن و لە هەورازەکان وەسەر دەکەون هەتا زگێکی برسی تێر بکەن. بۆ وەی لێوێکی ویشک هەڵاتوو تەڕ کەنەوە. بەو مەبەستەی سەرپەنایەک بۆ ماڵوێرانێک دابین بکەن و پێکەنینێک بخەنەوە سەر لێوی بێماڵ و حاڵێک.
هەڵمەتی بە هاناوە چوونی لێقەوماوانی بوومە لەرزەکەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانم بە هەموو پێوەرێک شۆڕشێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و مرۆڤی بوو. ئەو شۆڕشە دەبێ دەرسی لێ وەرگیرێ. پێویستە لەخەزێنەی مێشکماندا جێگایەکی تایبەتی بۆ بکەینەوە هەتا نەفەوتێ. لەسەرمانە بە قووڵی لێی ورد بینەوە و لە مانا شاراوەکانی بگەین. دەبێ بزانین ئەوە چ سڕڕێکە لەدەروونی ئەو خەڵکەدا پنگی خواردۆتەوە؟ بۆ سیاسییەکانمان پەی پێ نابەن و بۆ نایخوێننەوە؟ بەڕاستی مانای ئەو نمایشی جوانە چیە و چۆنە ئاوا خۆڕسک سەر هەڵ دەدا؟ چ ودمێک ئەو تۆفانە وەڕێ دەخا و کێیە دوعا نووسی ئەو نوشتوویە؟ خەڵک ورەی هەیە، بیری جوان کار دەکا، هەستێکی یەکجار هەیە، ئیرادەی بۆ چوونە پێش بەهێزە و دەزانێ دەبێ هەنگاو باوێژێ. کوردستان گیروگرفتی زۆری هەن کەلێنی زۆر خراوەتە جەستەی ئەم نیشتمانە. ئەم شۆڕشی خۆڕسکە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییانە دەبێ چرا سەوزی ئەوەمان بدەنێ کە وێڕای ئەوانە کە زۆریش پێویستن، دەبێ هاوکات شۆڕشی سیاسییش وەڕێ بخرێ. پێویستە هاوتەریب، دەگەڵ ئەوەی بۆ تێرکردنی زگێکی برسیی دەستی سروشت، کاک «ئەبووبەکر» ئاسا ژیانی خۆمان فیدا دەکەین، لەسەرمانە بە گژ ئەو دەسەڵاتەشدا بچینەوە کە بووەتە هۆی هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەکانمان.
بەو هیوایە ئەوە سەرەتای هاوپێوەندییەکانی نەتەوەیی بێ و کۆتایی بە ستەم و چەوساندنەوە بێنێ.
( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)