پاشنیوه‌رۆی سێشه‌ممه ٣٠ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٦ ( ٢١ ی نۆڤامبری ٢٠١٧ ) شاندێکی ده‌فته‌ری نوێنه‌رایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان له هه‌ولێر بریتی له ئیبراهیم زێوه‌یی و ئامانج زیبایی سه‌ردانی کۆمیسیۆنی پێوه‌ندییه‌کانی “کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران”یان کرد و، له لایه‌ن ساڵح شه‌ریفی به‌رپرسی کۆمیسیۆن و سامان ڕیشه ساحێب جێگری پێوه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵه له هه‌ولێر ، پێشوازییان لێ کرا.
له‌و دانیشتنه‌دا دوایین گۆرانکارییه‌کانی پێوه‌ندیدار به پرسی کورد و، به تایبه‌ت رووداوه‌کانی باشووری کوردستان، چه‌ندوچۆنیی رۆڵی وڵاتانی زلهێزی ناوچه‌یی و جیهانی له ئاست شکڵدان به هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه، ئه‌رکی ئێستای حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به له به‌ر چاوگرتنی چاوه‌روانییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له حیزبه‌کان و هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامه‌کانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی ئهمدوایانی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت جۆری هاوده‌ردی، هاوپێوه‌ندی و هاوکاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی وشیاری رۆژهه‌ڵات به نیسبه‌ت خه‌ڵکی لێقه‌وماو و ئازاردیتووی گه‌له‌که‌مان ، هاتنه به‌ر به‌س و قسه‌وباسیان له سه‌ر کران.
له بابه‌تی دواییدا بۆ جارێکی دیکه پێویستیی کۆده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی و یه‌کریزیی گوتاری سیاسیی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له راستای دۆزینه‌وه‌ی ڕێگەچارە وهەنگاوی هاوبه‌ش بۆ ده‌رباز بوون له کێشه و گرفته‌کانی سه‌ررێگای خه‌بات و تێکۆشان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی گه‌له‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتدا ، پێداگریی له سه‌ر کرایه‌وه.