کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بۆکان داوایان کردبوو کە تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفی لە داوێنی کێوی بەرد زەرد و لای قەبری شاخەوانی ناودار، موقبیل هونەرپەژووهـ بنێژرێ، بەڵام فەرمانداریی شاری بۆکان لێی قبووڵ نەکردن.
دوای پێشوازیی بەربڵاو و بێ وێنەی خەڵکی شارەکانی کوردستان لە تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفی، شوفێرێکی خەڵکی بۆکان کە لە کاتی گەیاندنی یارمەتی بۆ هاونیشتمانیانی لێقەوماو، گیانی لەدەست دا. ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای دەستوپێوەندییەکانی خۆیانەوە هەوڵیان دا ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتنی ئەبووبەکر مەعرووفی بە بێ دەنگی وکپی بەڕێوەبچێت بەڵام خەڵکی دڵ برینداری کورد لە ئەوپەڕی ئەمەگناسییەوە تەرمی ناوبراویان لە ئامێز گرت و تا دوایین مەنزڵگە بە هەست و حماسەوە بەڕێیان کرد.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە نزیک شاری کامیاران وەزارەتی ئیتلاعات ، بە ناردنی دەستوپێوەندییەکانی خۆی لە ترسی خرۆشانی خەڵک هەوڵی ڕفاندنی تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفیان داوە.
بەپێی زانیاریی هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە سنەوە، پاش پێشوازیی حەماسی و بێوێنەی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، ڕوانسەر و کامیاران لە تەرمی کاک ئەبووبەکر مەعرووفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە ئەمڕۆ لە کاتی بەهاناوەچوونی خەڵکی کرماشان لە جادەی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ گیانی لەدەست دا، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای کەسانی نزیک بە خۆی لە ترسی خرۆشانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقز و بۆکان کە لە پێشوازیی تەرمەکەی دان، لە شارۆچکەی مووژژی سەر بە کامیاران هەوڵی ڕفاندنی تەرمەکەیان داوە کە بەڕێگەیەکی دیکە و دا دوور لە چاوی خەڵک بیبەنەوە بۆکان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد خەڵکی ناوچەی مووژژ و ئەو کەسانەی کە لەگەڵ تەرمی ئەبووبەکر مەعروووفی بوون بەم کارەیان زانیوە و بەرەنگاریان بوونەوەتە.
هاوکات سەرچاوەیەکی جێگای متمانە لەناو بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر ئاشکرای کردووە، پاش ئەوە هەستی هاودڵی و حەماسەتەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە کردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە هێنانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییە نواندیان، دەزگا ئەمنییەکان لە ترسی خرۆشانی خەڵک و خۆپیشاندان لە شاری بۆکان کەتوونەتە جموجۆڵ و داوایان لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەبووبەکر کردووە بە دوور لە چاوی خەڵک تەرمەکەی بنێژن و قەرەباڵغی ساز نەکەن.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ناوەندە ئەمنییەکان، خەڵکی کوردستان بە تایبەتی شاری بۆکان تەرمی ئەو مرۆڤە خۆبەخشەیان لە ڕێوڕەسمێکی بێ وێنە و بە سەردانی دوروشم گەلی (مەرگی ئاوا پیرۆزە، سڵاو لەو گەل و هۆزە)
(کاک ئەبو قارەمانە، شەهیدی کوردستانە)
(بژی برایەتیمان، خەبات و یەکیەتیمان)
(کوردستان یەک وڵاتە، کرماشان ڕۆژهەلاتە)
تەرمی ناوبراویان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپارد و ئەو ڕێوڕەسمەیان کردە بیانوویەک بۆ دەربڕینی یەکگرتوویی و هاودڵی و هەستی نەتەوایەتی.











