شوفێرێک بەناوی ئەبووبەکر مەعرووفی خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی وەرگەڕانی یەکێک لە ماشینی یارمەتییەکانی بۆکان کە بۆ لێقەوماوانی پارێزگای کرماشان نێردرا بوو، گیانی لەدەستدا.
شەوی ٢٥ی خەزەڵوەر لە کاتی گەیاندنی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراو، بە هۆی رووداوی هاتوچۆ ئەبووبەکر مەعرووفی گیانی لە دەست دەدا و خەمێکی دیکە خەڵکی کوردستانی ماتەمبار کرد.
گیانلەدەستدانی ئەو شوفێرە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووتەوەو بە ناوی “شەهیدی رێگای مرۆڤایەتی” ناوی دەبەن.
شایانی باسە خەڵکی ناوچەکانی کرماشان ئەمڕۆ رۆژی هەێنی ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر لەو ئەوپەڕی ئەمەگناسی و هاوخەمییەوە تەرمی ئەبووبەکری مەعرووفی یان بەڕێکردەوە بەرەو شارەکەی و خەڵکی شارەکانی روانسەر، جوانڕۆ، کامیاران و سنەو سەقز بە چەپکەگوڵەوە پێشوازییان لە تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفی کرد.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاسی دووبارە لە خەڵکی بەهەست وهەڵوێستی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ بنەماڵەو سەرجەم کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە شەریفە هاوخەمیی دەردەبڕێ و، سەبووری و سڵامەتییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.











