دوانیوەڕۆی چوارشەمە ١٥/١١/٢٠١٧(٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦) هەیئەتێکی کۆما جڤاکێن کوردستان(کە.جە.کە) بە سەرپەرستیی بەڕێز ڕەزا ئاڵتوون، ئەندامی کۆنسەی سەرکردایەتیی کەجەکە و ٣ هەڤاڵی دیکە لە سەرکردایەتی وپێوەندییەکانیان، سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانیان کرد . ئەم هەئیەتیە لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە هاوڕێیان حەسەن قادر زادە و قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی و سۆران نووری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، پێشوازییان لێ کرا.
لە دانیشتنێکی دوو سەعاتەدا هەر دوو هەیئەت دوایین ئاڵوگۆڕەکانی هەرێمی کوردستان و هاوکاری و کۆدەنگیی وڵاتانی ناوچە لە دژایەتیی پرسی کوردیان خستە بەر باس و، هەر دوو لا ڕاو و سەرنجی خۆیان لە بارەی مەترسی و نیگەرانییەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کورد لە هەر کام لە بەشەکان کوردستان خستە ڕوو. حیزبی دیموکراتی کوردستان و کەجەکە لەم دانیشتنە دا لە سەر پێویستیی هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان چ لە ئاستی هەر کام لە پارچەکان و چ لە ئاستی نەتەوەیی دا بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پیلان و مەترسییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری ناوچە لە هەلومەرجی ئێستا دا، تەئکیدیان کردەوە. ئەمەشیان دووپات کردەوە کە پێوەندیی سیاسی و دۆستانەی دوو لایەنەی نێوان کەجەکە و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە گرنگ دەنرخێنن و لە سەری بەردەوام دەمێننەوە .