خاتوو زەینەب شەرەفکەندی یەکێک لە بەڕابردووترین و خەمخۆرانی حیزبی دێموکرات دوای تەمەنێکی سەرفەرازنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
تاقانە خوشکی مامۆستا هەژار شەرەفکەندی کەڵە نووسەر و وەرگێڕی بە توانای کوردو، شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوای ژیانێک شەرافەتمەندانە رۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شیاوی باسە ئەو خاتوونە تێکۆشەرە دایکی شەهید مەحموود حەسەنخاڵی”یە کە پێشمەرگەی ئازای لکی ٣ی هێزی پێشەوا بوو.
خاتوو زەینەب جیا لەوەی هەڵکەوتوو لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بوو، وەکوو ژنێکی لێهاتوو بە درێژایی ساڵانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوێرانەو ئازایانە ئەوەی لە دەستی هاتبێ بۆ خزمەت بە سەرخستنی گەلەکەی دەریغی نەکردووە.
بە وتەی ناسیارانی، خاتوو زەینەب شەرەفکەندی سەرەڕای ئەوەی کە نەخوێندەوار بوو، بەڵام ژنێکی وریا و چاوکراوە بووەو، لە ئەو پەڕی خەمخۆرییەوە خزمەتی بە حیزب و نیشتمان کردووە.
شایانی باسە ئەو خاتوونە نیشتمانپەروەرە ئەمڕۆ چوارشەممە دڵی لێدان کەوت و، لە نێو ئاپۆرەی خەڵکی ئەمەگناسی مەهاباد تەرمەکەی بە پێی وەسیەتی خۆی لە خانقای شێخ بورهان لە پەنای باب و باپیرانی بە خاک سپێردرا.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای هاوخەمیی دەربڕین لەگەڵ بنەماڵەی تێکۆشەری شەرەفکەندی و حەسەنخاڵی و سەرجەم کەسوکاری خواڵێخۆشبوو ، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ.