کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رەت دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ٨ وڵاتی جیهان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی کەسانی لێقەوماو لە پارێزگای کرماشان، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، کەسوکاریان لەدەست داوە و خانووەکانیان وێران بوون.
محەمەدجەواد زەریڤ، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی هیچ هاوکارییەک بۆ زیانبەرکەوتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان قبوڵ ناکا.
رەتکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتێک دایە، کە حکوومەتی ئەو وڵاتە وەک پێویست بەهانای لێقەوماوان ناچێ و حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش بە زیانلێکەوتووانی راگەیاندبوو، ”تەنیا دەتوانین وامتان پێبدەین و دەبێ خانووەکانتان، بۆخۆتان چاک بکەنەوە“.
بەپێی ئامارەکان، بەھۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە، جگە لە وێرانبوونی ھەزاران خانووبەرەی ھاووڵاتییان، نزیکەی لە ٥٣٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە ٨٠٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆرترین قوربانی لە رۆژھەڵاتی کوردستان بووە.